جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و مووچە، بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە بووە. دەشڵێت: ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە بیانووەکانی بەغدا دەهێنێت بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
نەهرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، کێشەی مووچە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە هەناردەکردنی نەوتەوە نەبووە، بەڵام بەغدا ئەم پرسەی وەک بیانوویەک بەکارهێناوە.
گووتیشی، “ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا کراوە، تا پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەتی عێراق و ناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان، کاری پێدەکرێت”.
ئاشكراشی كردووە، ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە بیانووەکانی بەغدا دەهێنێت بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز باسی لە توانای بۆری نەوتی هەرێم کرد، کە “ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و دەتوانرێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و بەسرەش بەکاربهێنرێت. ئەمەش دەروازەیەکی دیکەی هەناردەکردنی نەوت بۆ عێراق دەڕەخسێنێت لە کاتی هەر گرژی و ئاڵۆزییەکدا”.

































































