چراخان ئەحمەد ـ ئیدارەی سۆران:
رۆژ بەدوای رۆژ رێژەی فێرخوازان زیاد دەبن لە هۆڵەكانی وەرزشی، بەڵام بەشێك لە فێرخوازەكان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵی دایە ئەمەش بەپێی یاسای وەرزشی ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لەژێر ئەو تەمەنە دایە و هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێكی پێگەیشتوو ناتوانن هەندێك لە جۆرەكانی وەرزش ئەنجام بدەن وەك بەرزكردنەوەی قورسایی و وەرگرتنی پرۆتین زیاد لە پێویست، بەو پێیەی ماسولكە و ئێسكی ئەو كەسانە پێنەگەیشتووە و نەرمە، بەپشت بەستن بە لێكوڵینەوە پزشكییە جیهانییەكان گەشەی ئێسك تا تەمەنی 18 و زیاتریش بەردەوامی دەبێت، بۆیە گونجاو نییە لەخوار ئەو تەمەنە جەستە بخرێتە ژێرباری هەڵگرتنی قوورسایی بەبەردەوامی، چونكە ئەگەر زۆرە گەشە رابگرێت و زیانی تەندروستی دیكە بەو كەسەبگەیێنێت.
سەرەرایی هەموو ئەوانە لە پەنایی ئەمەوە، بازرگانی دەكرێت بە ماددە پرۆتینەكان لە هۆڵەكانی وەرزشی بەبێ گوێدان بە تەندروستی و گونجاوی پرۆتین بۆ جەستەی كەسەكە.
لەم روانگەیەوە “نیهاد جاسم” راهێنەری توانایی جەستەیی لە دیدارێكی بۆ زاری كرمانجی دەڵێت” كاتێك دەتەوێت جەستەیەكی وەرزشیت هەبێت پێویستە سەرەتا مێشكێكی وەرزشیت هەبێ، لە هۆڵەكان هەموو جۆرە تەمەنێكی تێدا بەدی دەكرێت بە تایبەت ئەوانەی لە خوار هەژدە ساڵن، جونكە دەیانەوێت لە ماوەیەكی كورت ببنە خاوەن جەستەیەكی جوان ئەمەش هەڵەیە.”
دەشڵێت” بەشێك لە هۆڵەكان بەردەوام چاودێری قوتابیەكانیان دەكەن رێنمایی و بەرنامەی وەرزش كردنیان پێ دەدەن، بەڵام بە داخەوە بەشێكی تر تەنیا دەیانەوێت هۆڵەكانیان جمەی بێت لە فێرخواز، بەبێ ئەوەی هیچ چاودێرییەك هەبێت لەسەر ئەو یارییانەی كە دەیكەن هەندێكیان هەر لە خۆوە بەبێ وەرگرتنی رێنمایی دەست بە وەرزشی هێزی لەش دەكەن.”
سەبارەت بوون بە خاوەن جەستەیەكی جوان و رێك و گونجاوترین كات بۆ وەرزش دەڵێت” بەشێوەیەكی ستاندارت هیچ كاتێك دیاریكراو نییە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كاتژمێر ٤ تا ٦ی ئێوارە گونجاوە، چونكە بەیانیان خۆراك و وزەی پێویستت بۆ جەستە دابین نەكردووە ناتوانیت راستەوخۆ دەست بكەیت بەیاریی، بەشێكی تری كات كە دەكەوێتە درەنگانی شەو گونجاونیە، بۆیە ئەو كاتەی جەستە ئامادەیە بۆ وەرزش كردن ماددەی خۆراكی و وزەی پێویست هەیە لە ٤ تاوەكو ٧ی ئێوارەیە”.
نیهاد روونكردنەوەی زیاتر دەدات:” وەرزش كردن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆرێت هەر كەسێك پێش ئەوەی سەردانی هۆڵەوەرزشیەكان بكات ئامانجێكی دیاریكردووە كە بۆچی دێت، ئایا نەخۆشە و بۆ چارە سەردێت یاخود دابەزاندنی كێش دێت یانیش دەیەوێت ئامادەسازی بۆ بەشداری لە پاڵەونێتییەكان بكات. بەر لەوەی دەست بە وەرزش كردن بكات پێویستە راهێنەر جەستەی كەسەكە ببنینێت بەپێ تواناو جەستەی كەسەكە پرۆگرامێكی بۆ دابنێت، بەداخەوە بەشێك لەو كەسانەی لە هۆڵەكان پرۆگرام دەدەن بەفێرخوازان نە راهێنەرن و نەشارەزا و خاوەن بروانامەیەكن لەو بوارە.”
درێژەی پێدەدات:” بۆنمونە ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت كێشیان دابەزێنن بەیانیانیان پێ باشترە بۆ وەرزش كردن، بەڵام ئەوەی كە دەخوازێت جەستەیەكی رێك و جوان بەدەست بێنێت ئێواران كاتەكەی گونجاوە. لە هۆڵەكانی وەرزش رێژەییەكی زۆر پرۆتین و دەرمان هەن، دەدرێن بەوانەی لە خوار تەمەنی یاساییدان یاخود ئەوانەی كە زوو دەیانەوێت پێبگەن، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك گونجاونیە و كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر جەستەی كەسەكە بەجێدێڵێت، لە بری ئەوە دەتوانێت سود لە خۆراكە سروشتیەكان وەرگرێت.
بۆهەر كەسێك بەرلەوەی پرۆتین وەربگرێت پێویستە پشكنین بۆ جەستەی بكات كە ئایا هیچ نەخۆشیەكی نیە یاخود جەستەی بەرگەی ئەم جۆرە ماددەی هەیە، بەداخەوە لە هۆڵەكان لەتەمەن و تەندروستی ناپرسن تەنیا ئەوەنەبێ پرۆتینەكانیان بفرۆشن، كە چەند یاریزانێك بە هۆی زیادرۆیی كردن لە خواردنی پرۆتین و هەڵە بەكارهێنانی تووشی نە خۆشی بوونە و تاوەكو ئێستاش بێ چارەسەرن.”
ئەو راهێنەرەی لێهاتوویی جەستەیی نیشانی ئەوەشیكرد:” ئێستا لە بەشێك لە هۆڵەكان بەشێوەیەكی گشتیی لە كوردستان بازرگانی دەكەن بە ماددە پرۆتینەكان لەلایەن ئەو كەسانەی كەیاریزانن و ناوبانگێكیان دەركردووە، بەبێ گوێدان بە باشی و بەرزی كوالێتی پرۆتینەكە، بێ ئاگان لە زیانەكانی كە رەنگە ببێتە هۆی توش بوون بە نەخۆشی شەكرە، جەڵدە یان نەخۆشیەكانی گورچیلە، هەندێكجار وا لەكەسەكە دەكات ئاڵودەببێت رۆژێك پرۆتین بەكارنەهێنێت وادەزانێت یاریی نەكردووە.”
هۆشداری دەدات:” لەسەر لایەنە پەیوەندی دارەكان پێویستە چاودێری بخەنە سەر هۆڵەكان، چونكە بەشێك لە راهێنەرەكان ئەكادیمی نین هیچ بروانامەیەكیان نیە لەوبوارە وە پشكنین بۆ كەسەكان بكرێت و ئینجا بەپێ ئەوە پرۆگرامی وەرزشیان بۆ دانێت، زۆر جار دەبینین قوتابیەكان چاو لەیەك تری دەكەن هەمان جوڵەی كەسێكی تر دووبارە دەكاتەوە یاخود لە تۆرەكۆمەڵایەتییەكان كەسێكی بینیوەو پێ سەرسام بووە ئەو یارییەی ئەو كردوودیەتی ئەم لە هۆڵ ئەنجامی دەدات بێگۆمان ئەمەش هەڵەیە و ناكرێت، دەبێ لە ژێر چاودێری راهێنەر راهێنان ئەنجام بدات. بە پێویستی دەزانم هۆڵی ئەوانەی كە خوار ١٨ ساڵن جیابكرێتەوە لەوانەی كە تەمەنێكی پێگەیشتوویان هەیە و جەستەیان ئامادەیە بۆ هەڵگرتنی قورسایی و یارییەكانی تر.”
نیهاد جاسم، سەبارەت بە توانایی جەستەیی یاریزانان لە یانەكانی كوردستان دەڵێت” زۆربەی یانەكانی كوردستان ئەم كێشەییەیان هەیە، بەر لە هەرشتێك پێویستە گرنگی بە توانایی جەستەیی یاریزانەكان بدرێت ئینجا تەكنیك و تاكتیكی یاریكردن بەپێچەوانەوە توانایی یاریزانان بووەتە كۆتا هەڵبژاردە. بۆنمونە ئەگەر باس لە توانای جەستەیی یاریزانان بكەین لە یاریی تۆپی پێ، ئێمە 90خولەكمان لەبەر دەستە ئەگەر دابەشی بكەین بەسەر ٢٢ یاریزان هەر یاریزانێك تەنیا ٦ خولوك لە ناو یاریگە یاریی دەكات، واتە ٨٤ خ لە ناو یاریگە رادەكات، ئەوەش پەیوەندی بە جەستەیەكی بەهێز و تەندروستە، ئەگینا ناتوانێت لەنێو یاریگە بۆ ماوەیەكی زۆر یاریی بكات.”
زۆرێك لە یاریزانانی ئێمە زوو تووشی پێكان دەبن یان نەخۆش دەكەون ئەویش بەهۆی ئەوەی گرنگی بە جەستەیان نادرێت بەرگری جەستەییان تەواو نییە.
باسی یانەی سۆران دەكات و دەڵێت دواكەوتوون و دەبوو دەمێك بوا یانەكە لەمەشق بوایە. نیهاد جاسم تیشكی خستەسەر ئەوەی كە، یانەی سۆران كەمتر لە دوومانگی لەبەر دەستە كەچی هێشتا دەستی بە ئامادەكارییەكانی نەكردووە، پازدە رۆژ یان بیست رۆژمابێت ئینجا دەست دەكەن بە ئامادەكاریی ئەمەش هەڵەیە، چونكە تۆ فریایی ئەوە ناكەوێت لەو ماوە كورتە راهێنان ئەنجام بدەیت هەماهەنگی دروست بكەی، لە رووی دەروونیەوە یاریزانەكان ئامادەبن، تەكنیكی باش ئەنجام بدەی، راهێنانی جەستەیی ئەنجام بدرێت ، هیچ سوودێك وەرناگریت لەوماوە كورتە ئەو هەموو راهێنانە بدەیت بەیاریزانەكانت.”