ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوول، ئیسپانیا و جیهان چاوەڕوانی یەکێک لە گەورەترین رووبەڕووبوونەی دێربی مەدریدن. دێربی مەدرید لە نێوان ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدریدە یارییەکە کاتژمێر 17:15 بە کاتی هەولێر لە یاریگای “واندە میترۆپۆلیتانۆ” بەڕێوەدەچێت و ملیۆنان بینەر لە سەرتاسەری جیهانەوە چاویان لەسەر دەبێت.
ڕیاڵ مەدرید: خاوەنی 14 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 35 نازناوی لالیگایە، وەک هەمیشە یەکێکە لە کاندیدە سەرەکییەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان. لەم وەرزەدا، ڕیاڵ مەدرید ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە، بەتایبەتی لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ. هێزی هێرشبردنیان بە سەرکردایەتی هێرشبەران: ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ دەبێت.
ئەتلەتیکۆ مەدرید: ئەتلەتیکۆ ناسراوە بە بەرگرییە پتەوەکەی و هێرشە پێچەوانەکانی. ئەوان خاوەنی 11 نازناوی لالیگان و هەمیشە ڕکابەرێکی سەرسەختی ڕیاڵ مەدرید بوونە بە سەرۆکایەتی دییگۆ سیمیۆنی.گەرچی ئەمساڵ ئاستی وەک پێویست نییە بەڵام هەمیشە لە یارییە گەورەکانی وەک دێربی بە باشترین شێوە ئامادە دەبن و چاوەڕوان دەکرێت یارییەکی پڕ لە ململانێ و جۆش و خرۆش بێت.
ستایلی یاریی کردن: ڕیاڵ مەدرید زۆرتر کۆنترۆڵی تۆپ دەکات و هەوڵی دروستکردنی دەرفەتی گۆڵ دەدات لە ڕێگەی پاسدان و جوڵەی یاریزانەکانیانەوە. لە بەرامبەردا، ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرگرییەکی قووڵ دەکات و هەوڵدەدات سوود لە هەڵەکانی ڕیاڵ وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانەی خێرا.
خاڵە بەهێزەکان:
ڕیاڵ مەدرید: هێڵی ناوەڕاستی بەهێز، توانای گۆڵکردنی بەرزی هێرشبەرەکانیان، و ئەزموونی گەورەیان لە یارییە گەورەکاندا
.
ئەتلەتیکۆ مەدرید: بەرگرییە تۆکمەکەیان، لێهاتوویی ئالڤارێز لە دروستکردنی دەرفەت و گۆڵکردندا، و ڕۆحی شەڕانگێزی تیمەکە.
یاریزانە سەرەکییەکان کە چاویان لەسەر دەبێت:
لە ڕیاڵ مەدرید: جۆد بێلینگهام کە لە پێکان هاتووەتەوە کلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر و ئاردە گولەر کە لە ژێر چاودێری ئەلۆنسۆ ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکات ئەمانەو چەندین یاریزانی دیکە.
لە ئەتلەتیکۆ مەدرید: ئەلڤارێز و ئەنتوان گریزمان کلیلی سەرکەوتن و هێرشە پێچەوانەکانی ئەتلەتیکۆ مەدریدن و ئپبلاکیش دیوارەکەی دیۆگۆ سیمیۆنییە چاوەڕوانی زۆری لێ دەکرێت.
پێشبینی ئەنجام: شیکاری کردنی ئەنجامی ئەو یارییە لەو پەڕی قورسیدایە و زۆرکات پێشبینییەکان پێچەوانە دەبنەوە بەهۆی بەهێزی هەردوو یانە و ئەو رۆحیەتەی پێشکەشی دەکەن لە یاریگا.
ئەمساڵ ریال بە چەند پێکهاتەیەکی جیاوازەوە یاری کردووە و پێشبینی کردنی پێکهاتەکەی و شیکاری بۆ یاریەکە ئەستەم کردووە، لەلایەکی دیکەوە کوڕانی دیۆگۆ ئاستێکی مامناوەندیان هەبووە ئەمساڵ بەڵام وەک هەمیشە کاتێک رووبەڕووی ریال و بارسیلۆنا دەبێتەوە ئاست و ریتمی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەگۆڕێت و هەمیشە سوپرایزی جۆرا و جۆر ئامادە دەکەن.
ئاماری رووبەڕوو بوونەوە:
176 یارییان بەرامبەر بە یەکتر ئەنجامداوە
ریال مەدرید 91 بردنەوە
ئەتلەتیکۆ مەدرید 41 بردنەوە
لە 44 یاریشدا یەکسانن
ڕیاڵ مەدرید: 302 گۆڵ
گۆڵەکانی ئەتلەتیکۆ مەدرید: 224 گۆڵ
لەکۆتاییدا، ئەم دێربییە تەنها یارییەکی تۆپی پێ نییە، بەڵکو شەڕێکی شانازی و باڵادەستییە لە نێوان دوو زلهێزی پایتەختی ئیسپانیا.


































































