حەسەن عەبادی، نوێنەری كەتائیبی (سەیدولشوهەدا) لە ئێران رایگەیاند:” ئیسرائیل هەڕەشەی هێرش دەكەن بۆ سەر عێراق، بەڵام كەتائیبی سەیدولشوهەدا رایگەیاندووە، هەر هێرشێك بكرێتە سەر عێراق، ئەوا هەموو ئەوانەی لەناو باڵوێزخانەی ئەمەریكادان لە بەغدا دەكرێنە ئامانج”.
حەسەن عەبادی زیاتر روونی كردەوە:” لە جەنگی 12 رۆژەدا قافڵەیەكی كۆمەكمان لە تاران رێك خست، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرایە ئامانج، بەڵام بەهۆی نەبوونی رۆژنامەوانان لەوێ، نەتوانرا ئەم تێكۆشانەمان رووماڵ بكرێت”.
نوێنەری كەتائیبی (سەیدولشوهەدا) لە ئێران ئاشكراشی كرد” لە شەڕی 12 رۆژەدا خوێنی حەیدەر موسەوی، جێگری فەرماندەی كەتائیبی سەیدولشوهەدا لە خاكی ئێران ڕژا، ئەمەش وەك وەڵامێك بوو بۆ هەوڵەكانی قاسم سولەیمانی لە عێراق”.
جەختیش دەكاتەوە، خستنە لیستی تیرۆر لەلایەن ئەمەریكا پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، كەتائیبی سەیدولشوهەدا خاوەن بڕیاری سیاسییە لە عێراق و ئەبو ئالای وەلائی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدایە.
ئەوەش روون دەكاتەوە: “كەتائیبمان بەرگریی لە كێشەی فەڵەستین دەكات و رۆڵیشمان هەبوو لە هێرشكردنە سەر بەندەر و فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیل، كە بووە هۆی پەكخستنی ژێرخانی ئیسرائیلی”.

































































