سەدا 90 ی بەرهەمی جوتیاران و خاوەنکارەکان ساغ بۆتەوە
محەممەد مەحموود- سۆران :
لە ڕۆژانی 25 و 26 ئەو مانگە سێیەمین فیستیڤاڵی بەرهەمەخۆماڵییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرابەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران ڕێکخرابوو، لەم دوو ڕۆژە زیاتر لە 10 هەزار کەس سەردانی ئەو فیستیڤاڵەیان کردووه.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران بە زاری کرمانجی ڕایگەیاند” لەماوەی دوو ڕوژی ڕابردوو لە سێیەمین فیستیڤاڵی بەرهەمەخۆماڵییەکانی جوتیارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەر چەندە ئامارێکی فەرمی سەردانیکارانمان تۆمار نەکرد، بەڵام ئەوەی بەچاو بینیمان زیاتر لە 10 هەزار کەس سەردانی ئەو فیستیڤاڵەیان کردوو و لە نزیکەوە بەرهەمی جوتیار خاوەن کارەکانی ئیدارەی سۆرانیان بینی”.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران ئاماژەی بەوەشدا ” نزیکەی 60 جوتیاری نموونەی ناوچە جیاجیاکانی سنووری بەڕێوەیەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران بەشدار بوون بە بەرهەمی جیاواز و خۆماڵی.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران باسی لەوەشکرد ” سەدا 90 ی بەرهەمی جوتیاران و خاوەن کارانی بەشدار لە سێیەمین فیستیڤاڵی بەرهەناوخۆییەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بەرهەمەکانیان ساغ بوویەوە ، رۆژانی یەکەم و دووەمیش بەردەوام جوتیاران بەرهەمی زیاتریان دەهێنا بەو پێیەی خواستێکی زۆری لەسەر بوو، ئەمەش بووە ماییەی دڵخۆشی جوتیاران و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
































































