مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە بازگەی بانی مەقانی شاری كەركووك، هێزەكانی ئاسایش دەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆمبێلێك دەكەن كە سەرنشینەكانی خانەوادەیەكی كوردن و ویستوویانە بە بازگەكە تێبپەڕن .
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، ڕۆژی هەینی 26ـى ئەیلوولی 2025، لە بازگەی بانی مەقان كارمەندانی ئاسایش بە بیانووی ئەوەی كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە كەسێكی داواكراو بووە بە هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، دەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆمبێلێك دەكەن و بەو هۆیەوە منداڵێكی تەمەن 9 ساڵان بە ناوی (بێوار دیار جەبار) كە كوڕی داواكراوەكە بووە فیشەكێك بەر سەری دەكەوێت و بە سەختی بریندار دەبێت، هاوكات هاوژینەكەشی بە سووكی بریندار دەبێت.”
بە گوێڕەی زانیارییەكانی زاری كرمانجی هەر دوو بریندارەكە لە “نەخۆشخانەی ئازادی”ن لە شاری كەركووك، منداڵەكە لەژێر چاودێری چڕ دانراوە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە .

































































