وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە “كاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی كەركووك – جیهان بە سەركەوتووانە دەستیپێكرد.”
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، كاتژمێر 6:50 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەكردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێكردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی كوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەكرێت.
دوای چەندین كۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێككەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و كۆمپانیا بیانییەكانی وەبەرهێنانی نەوت كرا، بۆ ئەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەكرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی و بە چاودێری وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بەهاوكاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە.
گوتیشی: سوپاس بۆ خوا، كاتژمێر 6:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێكرد، كە ئێستا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرێت، ئەو بڕەش لەهەفتەكانی داهاتوودا زیاتر دەبێت، ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەی هەناردەكردنەكە هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووە، پرۆسەكە بەهاوكاری كارمەندانی كۆمپانیاكانی نەوتی باكوور و كارمەندانی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنەرانی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان زۆر ئاسان بوو.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكوور گوتیشی: نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە خاكی توركیا، بۆ ئەوەی بگاتە بازاڕەكانی جیهان.

































































