وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، دەرفەتی خوێندن بۆ سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12 دەڕەخسێندرێت لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا.
ئەم ساڵ لە هەموو بەشەکانی خوێندن، 57 هەزار و 980 قوتابی پۆلی 12یان تەواو کرد. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کورستان، راگەیاند، لە 16 زانکۆی حکومیدا ئەم ساڵ 680 بەش قوتابی وەردەگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: “پلانی وەزارەتە دەرفەتی خوێندن لەو بەشانەدا بۆ تەواوی قوتابیانی دەرچوو ئامادە بکات، بە جۆرێک هیچ قوتابییەک لە دەرەوەی پلانی خوێندن نییە لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان”.
عەباس ئەکرەم جەختیکردەوە، “هەموو دەرچووەکان وەردەگیرێن لە بەشی دڵخوازی خۆیان، بەو مەرجەی لە رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی نمرە ئەو نمرەیان بەدەستهێنابێت کۆلێژی دڵخوازیان پێویستییەتی”.
لەبارەی دەرچووانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، عەباس ئەکرەم گوتی: “هەموو دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک، خانەقین، خوورماتوو، شنگال و مەخموور دەرفەتی خوێندنیان بۆ دەڕەخسێت، بەڵام دواتر شێوازی داواکردنی خوێندن بۆ ئەوان دەخەینەڕوو”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە 23-09-2025 سیستمی زانکۆلاینی بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان کارا کرد و بۆ ماوەی هەشت کراوە دەبێت.
ئەم ساڵ 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان هەن.


































































