بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، دڵنیایی دەدات بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لە ڕێگەی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە دەدرێت. گوتیشی: ڕۆژی شەممە کاتژمێر 6ـی بەیانی نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێتەوە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەسەر میکانزیمی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانیی تورکییەوە، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و پیشەیی.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، حکوومەتی فیدراڵ شەرەفمەندە بەو ڕێککەوتنە، چونکە ئەم ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.
سەبارەت بە بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، عەلی نزار، دەڵێت: ڕۆژانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 240 هەزار بەرمیل ڕدەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، هەروەها هەرێمەکە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستی ناوخۆیی بەکار دەهێنێت.
هەر لە بارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، جەختی لەوە کردەوە، ئەورووپا پێویستی بە نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ جێگرەوەی نەوتی ڕووسیا، دەکرێت نەوتەکە بازاڕی ئەمەریکای باکوور و باشووریش ببوژێنێتەوە.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، عەلی نزاری ئاشکرای کرد، سبەی کاتژمێر 6ـی بەیانی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە، هەروەها هیچ شتێک نییە ببێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
هاوکات باسی لە بەندەری جەیهانی تورکی کرد و ئاماژە بەوە کرد، ئەم بەندەرە لەسەر دەریای سپییە و ناوەندی بازاڕی ئەورووپایە.
لەبارەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ڕایگەیاند: گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەم بارەیەوە 30 مانگی خەیاند، هەروەها هەرگیز ئەم ڕێککەوتنە نەدەهاتە ئاراوە ئەگەر دانوستانی پیشەییانە و بنیاتنەر نەکرابووایە.
عەلی نزار، باسی لە وەردەکاریی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کرد و گوتی: لەگەڵ کۆمپانایا نەوتییەکان ڕێککەوتین بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و دڵنیاییشیان لەو بارەوە پێدراوە، بە گوێرەی یاساکان ئەم ڕێککەوتنە قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێ دەدرێت، شایستەکانیان لە ڕێگەی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە دەدرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ئەویشی خستەڕوو، دوای ئەم قۆناغە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژی جیهانی دەکات، بۆ ئەوەی دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان بکرێت، کاتێک ڕێککەوتنەکە لەو بارەیەوە کرا شایستە داراییەکان بە شێوەی سولفە دەدرێت بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
عەلی نزار هەر لە بارەی ڕێککەوتنی دووبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە کاتیی نابێت بەڵکو دەبێتە بناغەیەک بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.

































































