سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.
پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، بەم هەنگاوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.
































































