دڵدار عەزیز – زاری كرمانجی :
كۆمپانیایەكی دەستپێشخەر ئامێرێكی نوێی بە ئاگا هێنانەوەی دروست كردووە كە دەتوانێت بە بێدەنگی لە خەو هەڵت بستێنێت.
كۆمپانیای Smart wake up كە بنكەكەی لە كالیفۆرنیایە، ئامێرێكی بێدەنگی بۆ خەبەر بوونەوە دروست كردووە.
ئەم ئامێرە بە درێژی ٥ سم و ئەستووری ١ سم دەتوانرێت لە ڕێگەی چەسپی دژە هەستیاری سیلیكۆنەوە بە جەستەوە ببەسترێتەوە. بەگوتەی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر، باشترین شوێن بۆ بەستنەوەی ئامێرەكە بریتییە لە پێشەوەی قۆڵ و سینگ.
ئامێرە نوێیەكە بەرنامەیەكی هەیە كە دەتوانرێت لەسەر مۆبایلە زیرەكەكان دابنرێت. پاشان بەكارهێنەر لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە كاتی بە ئاگا بوونەوە ڕێك دەخات. نزیكەی دە خولەك پێش كاتی دیاریكراو، ئەم ئامێرە ٢٠٠ پەلسی لەرزین دەردەدات. بەم شێوەیە بەكارهێنەر بە شێوەیەكی سروشتی و وردە وردە لە خەو هەڵدەستێت. گرنگترین سوودی ئەم ئامێرە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی لەگەڵ بەكارهێنەردا دەژین لە دەنگی كاتژمێری زەنگ سەلامەت دەبن.
بەكارهێنەر دەتوانێت ئەم ئامێرە بە سێ ئاستی لەرزین دابنێت، ئەمەش بەندە بە قووڵی خەوی كەسەكە. تەنانەت دەتوانرێت بە درێژایی ڕۆژ ڕێك بخرێت بۆ ئەوەی زۆر شتی ترت بیر بخاتەوە. خولێكی دوگمە لەناو ئامێرەكەدا كارەبای بۆ دابین دەكات. ئەم پاتریانە دەتوانن تا سێ مانگ بمێننەوە بۆ كاركردنی ئامێرەكە.