
محەمەد ساڵح
هەر وەک ڕوونە کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بە تایبەت لە مێژووی هاوچەرخدا گەڵ و نەتەوە و گروپ گەڵێکی زۆر دژ بە دەوڵەتی بنەڕەتی خۆیان تێهەڵچونەتەوە و داوای ماڵجیایی و سەربەخۆیی و سەربەستیان کردووە، بۆ ئەمەش بە ڕێگای جیاواز و بە ئامراز و دەستئاوێژی جوداوە ویستوویانە تەعبیر لە ئیرادەی خۆیان بکەن و ببنە خاوەنی دەوڵەت. یەکێک لە ئامرازەکانی دەستگەیشتن بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی، دەستبردنە بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی، کە تیایدا پرسپێکراوان ڕای خۆیان دەدەن لەسەر چارەی خۆنووسینی خۆیان، کە زۆربەی جار مەبەست لەو ڕاپرسیانە ڕاگەیاندنی دەوڵەتە. ڕاپرسی شێوە و مەبەستی جیاوازی هەیە، مەبەستەکەی دەکرێ یاسادانان، تأسیسی دەستوور و هەمواری دەستوور، یان مەبەستی سیاسی بێت، کە ئەوەی کۆتاییان لە هەمووان زیاتر مایەی تێڕامانە، چونکە ڕاپرسی مافی چارەی گەڵان و دیاری کردنی ستاتیۆیی سیاسی و یاسایی گەڵانی داواکاری جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە زمنی ئەو جۆرەی ڕاپرسیە. هەندێ جار ڕاپرسی بۆ هەڵبژاردن و مانەوەی سەرۆکەکانیش کراوە، بە تایبەت لەو سیستەمانەی کە دیکتاتۆری و خۆسەپێن بوونە، لە نموونەی ئەمانە ڕاپرسی بۆ هێشتنەوەی سەدام و حسنی مبارک و جمالناسر… شێوەکانی ڕاپرسیش دوو شێوەی سەرەکی هەیە، کە ئەوانیش ڕاپرسی پێشوەختەو ڕاپرسی پاش وەختەن( ڕاپرسی بەر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەت و ڕاپرسی دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت). ئەوەی من لێرەوە مەبەستمە لەم کورتە وتارەمدا باسی بکەم ئەوەیە؛ ڕاپرسی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٥-٩-٢٠١٧، ئەنجامدرا ڕاپرسی پێشوەختەبوو بۆ جیابونەوە لە عیراق وسەربەخۆیی، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری ناوەخۆیی و دەرەکی نەتوانرا کەڵک لە نەتیجەی دەنگی پرسپێکراوان وەربگیرێت کە ٩٣٪ی پرسپێکراوان ڕایان لەسەر ئەوەبوو جیاببنەوە لە عیراق. مێژووی گەڵانی ڕاپرسیکار و هەوڵەکانیان ڕوونن دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی چارەی خۆنووسین لە ٢٤ کاتژمێرەوە تاوەکو چەند سالێکیش ئاساییە کە حکومەت و سەرپەرشتکارانی ڕاپرسی, پشتبەست بەڕای پرسپێکراوانیان اعلانی جیابوونەوە و سەربەخۆیی و دەوڵەتیش بکەن. هەروەک هەندێکیان لە ماوەیەکی کەم جاڕی دەوڵەتیان داوە وەک سلۆڤینیا کە تەنیا لەماوەی (٧)ڕۆژ دوای ڕاپرسی جاڕی جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆیدا، لەلایەکی تر هەندێکیان چەند ساڵی خایاندووە وەک تەیمووری ڕۆژهەڵات کە دوای دوو ساڵ و ٦ مانگ اعلانی جیابوونەوە و سەربەخۆیی کرد. ئەمەش پشتبەستە بە پڕەنسیپی((گەڵ خاوەنی سەروەریە)). ئەگەر گەڵ خاوەنی سەروەری بێت کەواتە هیچ بڕیار و هێز و لایەنێک ناتوانی دەنگی گەڵ بێ بایەخ و نادیدە بگرێت، بەڵکو تەنیا دەنگی گەڵ خۆی دەتوانێت ئەمە بکات، کەواتە ڕاپرسی چارەی خۆنووسینی گەڵی کوردستانی ٢٠١٧، تاوەکو جارێکی تر گەڵ دەنگی بۆ نەداتەوە و هەڵی نەوەشێنێت، هیچ هێزو حکومەتێک ناتوانێت لە قیمەتی کەم بکاتەوە. بە واتایەکی تر لە هەر کات و ساتێکدا کە دەرفەت هەبێت، حکومەت و کیانی سیاسی کوردستانی کات و بارودۆخەکە بە گونجاو بزانێت، دەکرێ پەنابباتە بەر ئەم ڕاپرسیەو بیکاتە هەوێنی جایبوونەوە و سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت. نابێ ئەوەش لە یادبکەین کە گەورەترین و بە نرخترین شانازی نیشتیمانی نەتەوەییە و پشکی شێری ئەو شانازیە نیشتیمانیە سەرتاسەریەش بەتەنیا بەر سەرۆک بارزانی دەکەوێت. لە کۆتایدا شانازی دەکەم کە ئەوەی بۆم کرابێت لەو کات و ساتدا کردوومە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسە ڕەوایە و ئەم مافە شایستەیە و ئەم شانازیە مێژووییە.


































































