سەرۆکی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هۆشدارییەکی تووندی دایە سەرۆکی ئێران و ڕایگەیاند، تەنیا چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی، ئەگەرنا میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان کارا دەکرێتەوە. ماکرۆن جەختی لە سێ مەرجی سەرەکی کردەوە کە ئەوروپا سازشیان لەسەر ناکات.
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئەیلوول، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ماکرۆن جەختی کردەوە کە ڕێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی هێشتا ئەگەری هەیە، بەڵام هۆشداریی دا کە تاران تەنیا چەند کاتژمێرێکی لەبەردەمە بۆ ڕێگریکردن لە کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرۆکی فەرەنسا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سێ مەرجی سەرەکیی ئەوروپای خستەڕوو کە سازشیان لەسەر ناکرێت:
• گەیشتنی تەواوەتیی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
• شەفافییەتی تەواو سەبارەت بە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراو.
• دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دانوستاندنەکان.
لەلایەن خۆیەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە گوتارەکەیدا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات و ئەو تۆمەتانەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ڕەت کردەوە.
گفتوگۆکانی دوا سات لەکاتێکدان کە بڕیارە کاتژمێر 12:00ـی شەوی شەممە، مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئێران کۆتایی بێت، ئەگەرنا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی خودکارانە دەگەڕێنەوە.
































































