موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی دەستی پێکرد و چاوەڕوان دەکرێ بڕیار لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بدات .
سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە بەغدا بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی پێکراوە، چاوەڕوان دەکرێ پرسی داهاتی ناوخۆی کوردستان و پرسی هەنقردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەران بڕیاری لەبارەوە بدرێت و کێشەی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن .
ئەو سەرچاوەیە، دووپاتی لەوەکردەوە، دوێنێ دووشەممە، لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنی سێ قۆڵی لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە هەولێر کراوە و لە ئایندەکی نزیکدا بڕیار وایە نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیهان ڕەوانە بکرێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەران دەبێت .
بەهۆی ناکۆکی سیاسی، حکوومەتی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نادات، کۆتایی مانگی ئەیلوولە هێشتا مووچەی مانگی 7 و 8 ی فەرمانبەران ڕەوانە نەکراوە .
































































