ئەژین غفار-سۆران
بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی سۆران، ڕێنماییەكانی خانەنشین كردنی كرێكاران بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات و دەشڵێت: پێشینەی كاركردن بۆ ئەوەی كرێكار خانەنشین بكرێت پێویستە 20 بۆ 25 ساڵ بێت.
هەژار یونس عەلی، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: مەرجی خانەنشینبوون بۆ كرێكارانی ڕەگەز نێر پێویستە 25 ساڵ پێشینەی كاكردنی هەبێت، ئەگەر كرێكارەكە ڕەگەز مێ بێت، دەبێت ۲۰ ساڵ كاری كردبێت. هەروەها ئەگەر كرێكار لەكاتی كاركردن كۆچی دوای كردبێت، نەخۆشیێكی درێژخایەنی هەبێت، یان ئەندامێكی جەستەی لەكار كەوتبێت، بەپێی ڕێنماییەكان مووچەی مانگانەی بۆ دیاری دەكرێت.
بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی سۆران، ئاماژەی بەوەش دا؛ ڕێژەی مووچەی خانەنشینی كرێكاران بە پێی ئاستی نەخۆشییەكەی دیاری دەكرێت. ئەگەر هاتوو دوای ڕاپۆرتی پزیشكی دەركەوت نەخۆشییەكەی بەرەو خراپبوون ڕۆشتووە؛ ڕێژەی مووچەكەی بەرز دەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ئەم بەڕێوەبەراتییە، تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ۳ كرێكار خانەنشین كراون لە هەر یەك لە قەزاكانی چۆمان و ڕواندز و خەلیفان. لە هەفتەكانی داهاتووش چەند كرێكارێكی دیكە خانەنشین دەكرێن.

































































