میدیاکانی هندستان بڵاویانکردەوە، مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵانی خەڵکی پارێزگای کوندوز لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لە کابولەوە بۆ نیودێهلی خۆی لە نێو چەرخەكانی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری (کام ئایر) هەشارداوە و گەشتێکی کردووە و بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا لە گەشتە 94 خولەکییەکەدا لە بەرزی 30 هەزار پێ ڕزگاری بووە و بە سەلامەتی گەیشتووەتە شوێنی مەبەست.
ماڵپەڕی(هیندستان تایمز) بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەت نووسیویەتی، ئەو کوڕە ئەفغانییە تەمەن ١٣ ساڵە دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکانەوە ناسێندرا، هەمان ڕۆژ گەڕێنرایەوە بۆ کابول. بەڵام عەبدوڵڵا فارۆقی، گووتەبێژی پۆلیسی سنووری حكومەتی تاڵیبان، ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ناوچەی فڕینی فڕۆکەخانەی کابول لەژێر پەردەی تایبەتی ئەمنیدایە و کەس ناتوانێت بچێتە ناویەوە، هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی میدیاکانی هیندستانی ڕەتکردەوە سەبارەت بەو کوڕە ئەفغانییە تەمەن 13 ساڵە کە بە خۆ شاردنەوە لە بەشێكی چەرخی فڕۆکەیەکی (کام ئایر)ەوە بەرەو هیندستان دەڕوات.
بەڵام سەرچاوەیەک لەو کۆمپانیایە فڕۆکەوانییە بە ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی ڕاگەیاندووە، هەواڵەکە ڕاستە و بەهۆی ڕێنماییەکانی تاڵیبانەوە، کۆمپانیاکە ڕاپۆرت لەسەر ئەو بابەتە قەدەغە کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، کەمتەرخەمی ئەفسەرانی ئەمنی لە فڕۆکەخانەی کابول ڕێگەی بە کوڕە تەمەن ١٣ ساڵەکە داوە سواری فڕۆکەکە بێت و خۆی لە بۆشایی نێوان تایەی فڕۆكەكە بشارێتەوە.
میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، ئەو کوڕە تەمەن 13 ساڵە لە نزیکەی کاتژمێر 11:10 خولەکی بەیانی رۆژی21-9-2025 لە بۆشاییەكانی نێوان تایەی فڕۆکەكە دۆزرایەوە، کاتێک گەشتی RQ4401 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیندیرا گاندی لە دەهلی نیشتەوە. چەند ساتێک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، ئەفسەرانی ئاسایشی فڕۆکەخانە سەرنجیان دا کە کوڕێکی هەرزەکار لە تەنیشت فڕۆکەکەدا دەڕۆیشت. هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی هیندستان کوڕەکەیان بردە تێرمیناڵی ٣ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرد.
کۆمپانیای (کام ئایر) گەورەترین هێڵی ئاسمانی تایبەتە لە ئەفغانستان، هەفتانە پێنج گەشت لە کابولەوە بۆ دهلی ئەنجام دەدات. بەپێی گووتەی بەرپرسانی ئەمنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیندیرا گاندی، کوڕەکە توانیویەتی بە دزییەوە بە بەربەستە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی کابولدا تێپەڕێت.
ئەم جۆرە لە قاچاخچێتی کە بە شێوەیەکی گشتی بە “وەیل ویل ستۆواوا” ناسراوە، لەڕادەبەدەر مەترسیدارە و زۆرجار دەبێتە هۆی مردن.































































