
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندێكی یەكێتی بەڵێندەران، لەبارەی كێشەی گەڕاندنەوەی بارمتەی یاسایی بەڵێندەران كۆبوونەوە.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند:” وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەڵێندەران و لەو چوارچێوەیەشدا چەندان نووسراومان لەبەرژەوەندی بەڵێندەران بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە تا ڕەزامەندی لەسەر بدەن”.
لە كۆبوونەوەكە شاندی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان چەند داواكارییەكیان خستەڕوو سەبارەت بەخەرجی شایستەی مانگانەی كۆمپانیاكان و گەڕاندنەوەی بارمتەی یاسایی بەڵێندەران قۆناغ بە قۆناغ و لابردنی هەندێك ڕۆتینی كارگێڕی لە بەردەم پرۆژە و كۆمپانیاكان.
وەزیری دارایی بەڕێوەبەری گشتی ژمێركاری و بانكە بازرگانییەكانی ڕاسپارد لەگەڵ یەكێتی بەڵێندەران لەسەرهێڵ بن بۆ وەرگرتنی داتای شایستەی كۆمپانیاكان و بەپێی خشتە و قۆناغ بەقۆناغ مانگانە شایستەكانیان هاوشێوەی پارێزگاكانی تر بۆ خەرج بكرێت.


































































