زاری کرمانجی-سۆران
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر بە پەیامێكی چاوەڕواننەكراو جارێكی دیكە گۆمی سیاسی عێراقی شڵەقاند و ڕایگەیاند، بەهۆی ڕوداوێكی گەورەی ناوچەییەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناكرێت و دوادەخرێت.
لە پەیامەكەیدا سەدر راشیگەیاندووە، هیوام بەچاكسازیی لەسیستەمی سیاسیی لەعێراق نییە و پێشبینی دەكەم بەهۆی ڕووداوێكی گەورەی ناوچەییەوە، هەڵبژاردن نەكرێت لە عێراق، هەموو جۆرە چالاكییەكی سیاسیم لە عێراق تاقیكردووەتەوە، هەر لەبەشداریكردن لەپەرلەمانو حكومەتەوە تا كشانەوە لەهەردووكیان و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی، بۆیە هیوام بە چاكسازی لە سیستمی سیاسی عێراق نییە.
ئاماژەی بەوەشكراوە، سەدر هۆشداری لە نیگەرانییەكانی لایەنە شیعەكان داوە و رایگەیاندووە ژمارەی كورسییەكانی شیعە لە پەرلەمان كەمبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی كشانەوەی ئێمە، من ئەو بابەتەم بەهەند وەرنەگرتووە و نیگەرانیشی نیم، چونكە دەمەوێت ئەو پرسە تائیفییەكان نەهێڵم و ئەو خەتە جیاكارییە لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق تێكبشكێنم و لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2021یشەوە سەركردایەتی ئەو هاوپەیمانێتییە دەكەم و بەردەوامیش دەبم لەسەر ئەو رەوتە.
لە دوای پەیامەكەی سەدریشەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق هاشتاكی زیاتر بڵاوبووەتەوە و سەرجەم هاشتاگەكانیش بەو ئاراستەیە، كە هەڵبژاردن لە عێراق دوادەخرێت.


































































