گەس فرۆشێک : هەلی کارمان بۆ 25 گەنج ڕەخساندووە، بەڵام باجی زۆر و ڕسومات و کرێ کارەبا خێری نەهێشتووە بۆمان
زاری کرمانجی-سۆران:
خاوەن خواردنگەیەکی سۆران، نیگەرانی خۆی دەربڕی بەهۆی گرانی باج و ڕسومات و کرێی کارەبا و ئاو، قازانج و سوودێکی وا ناکەن و بۆیە داواکارە چاوێکی پێدا بخشێنرێتەوە.
مەناف مستەفا، خاوەن کەس فرۆشی قەڵا و منارە، لە سەنتەری بازاڕی سۆران، بە زاری کرمانجی گووت:” خواردنگەی ئێمە لە دوو نهۆم پێک دێت، بەشی خوارەوەی تایبەتە بە گەس فرۆشی و چەند خواردەمەنییەکی دیکە، نهۆمی سەرەوەش چەند جۆرە خواردنێکی دیکە هەیە، نرخەکانیشمان گونجاوە، ئەوەش وای کردووە خواستی زۆری هاووڵاتییانمان لەسەر بێت و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر ڕوومان تێ بکەن”.
ئاماژەی بەوەش کرد:” توانیومانە لە گەس فرۆشی و خواردنگەکەمان هەلی کار بۆ زیاتر لە 25 گەنج بڕەخسێنین، هەریەکە و بەپێی ئیش و کار و تایبەتمەندی خۆی مووچەکانیشیان لە نێوان (450 بۆ 900) هەزار دینارە”.
باس لە نیگەرانی کاسبکارانی شارەکە دەکات لە بەرامبەر گرانی باج و ڕسومات و کرێی کارەبا و ئاو و هتد.. ئەوەش دەڵێ کە قازانج و سوودێکی وا ناکەن و داواکارە کەمتر بکرێن بۆ ئەوەی نرخی خواردەمەنییەکانیش گونجاو تر بێت بۆ هاووڵاتییان لە سەرییان گران نەکەن.