خانە بنەڕەتییەکان جەستە دهتوانن زیانەکانی مێشک چاک بکەنەوە کە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە دروست دەبێت
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی توێژەرانی زانکۆی زیوریخ و زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا دەریخستووە، زیانەکانی مێشک کە بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە دروست دەبن، ڕەنگە بە بەکارهێنانی خانە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکرێن.
توێژەران لهئهنجامى بەکارهێنانی ئهو (مشکان)ه کە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆیان دەرکەوتووە کە خانە بنەڕەتییەکان جەستەی مرۆڤ دەتوانن سەرکەوتووانە ببنە خانەی مێشکێکی ناپێگەیشتووی. ئەنجامەکان زۆر سەرنجڕاکێش بوون، زۆربەی خانەکانی چێنراو لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە و تایبەتمەندییەکانی دەمارەکانی تەواو کارپێکراویان پەرەپێداوهو پەیوەندییان لەگەڵ خانەکانی دەورووبەردا دروست كردووه.
کریستیان تاکنبێرگ، زانای دەمار، لە زانکۆی زیوریخ دەڵێت: بۆمان دەرکەوت خانە بنەڕەتییەکان زۆربەیان گۆڕاون بۆ دەمارەکان و پەیوەندییان لەگەڵ خانەکانی مێشکدا دروست كردووە.
توێژەران تێبینیان کردووە خوێنبەرەکان خۆیان چاک دەکەنەوە، هەوکردن لە مێشکدا کەم دەبێتەوە و كارامەیی خوێن و مێشک بەهێزتر دەبێت. تەنانەت (مشک)ەکان نیشانەکانی باشتربوونی جوولە و هەماهەنگییان نیشان دا، چونکە جەڵتەی مێشک دەتوانێت کۆنتڕۆڵی جوولەی جەستە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکبدات.
توێژینەوە نوێیەکە لەسەر ئەو کارانەی پێشتر لەلایەن هەندێک لە هەمان توێژەرانەوە ئەنجامدراون، کە سەیری کاتی گونجاویان کردووە بۆ بەكار هێنانى خانە بنەڕەتییەکان دوای جەڵتەی مێشک. ئەمە گرنگه لە پەرەپێدانی چارەسەرە ڕاستەقینەکاندا، پێدەچێت تا ڕادەیەکی دیاریکراو مێشک پێویستی بە جێگیربوون هەبێت دوای جەڵتەی مێشک بۆ ئەوەی چاندنەکە کاریگەر بێت.
تاکنبێرگ دەڵێت: “شیکارییەکانمان زۆر لە بازنەی توێژینەوەکانی دیکە زیاترە، کە تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە دەستبەجێیەکانی ڕاستەوخۆ دوای چاندن”.
ئێستا ئەو زیانانەی کە جەڵتەی بە مێشک دەگەیەنێت، گەڕانەوەی نییە و شتێکە کاریگەری لەسەر چارەکێکی مرۆڤهكان هەیە. خوێنبەربوونی ناوەوە یا سنووردارکردنی ئۆکسیجین کە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە دروست دەبێت خانەکانی مێشک بۆ هەمیشە لەناو دەبات، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر قسەکردن و جوولە.
ئایا ئەم ڕێگایە دەتوانێت لە مێشکی مرۆڤدا کار بکات یا نا ؟، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە شتێک ماوە بزاندرێت و پێویستی بە تاقیکردنەوە دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر.
تاکنبێرگ دەڵێت: زۆر گرنگە داهێنەرانی ڕێگەی چارەسەری نوێ بەدواداچوون بۆ ئەگەری دووبارە دروستبوونەوەی مێشک دوای نەخۆشی یا ڕووداوەکان بكەن.
“دۆزینەوەکانمان دەریدەخەن خانە بنەڕەتییە دەمارییەکان نەک تەنها دەمارخانە نوێیەکان پێکدەهێنن، بەڵکو هانى پرۆسەی دووبارە دروستبوونەوەی دیکەش دەدەن”.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Nature Communications بڵاوکراوەتەوە.

































































