هەواڵی نزیك بوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی و سەركردەكانیان كەناڵی راگەیاندنی تەنیوە.
لە دواین هەواڵدا ئەفسەرێكی پێشووی دەزگای هەواڵگری عێراق (سەیف رەعد) لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی رایگەیاندووە، باڵیۆزی رووسیا لە بەغداد پەیامی بە حکومەتی عێراق گەیاندووە و دەقی پەیامەکە ئەوەیە لەوانەیە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو ئەمریکا لە سەرکردەی (گرووپە چەکدارەکان) یان بارەگاکانیان بدات”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی هەواڵێكی كەناڵی (وەن نیوز)، دوای ئەوەی چوار گرووپی حەشدی شەعبی خرانە لیستی تیرۆری ئەمریكاوە، سەرۆكی گرووپە میلیشیاییەكان بارەگاكانیان چۆڵ كردووە و خۆیان شاردووەتەوە و هەتا شیوازی پەیوەندیكردن و پێكگەیشتنیان گۆڕیوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە لەم كاتەدا هێرشیان بكرێتە سەر.
ڕۆژی چوارشەممەی پێشوو، ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، رایگەیاند: ”وەزارتی دەرەوەی وڵاتەكەی، چوار گرووپی میلیشیایی عێراقیی نزیك لە ئێران دەخاتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئەوانیش بریتین لە كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵای ئەوفیا، كەتائیبی ئیمام عەلی.“


































































