ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق كە جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بوو، ئاشكرای كرد” یەك ملیۆن خانەنشین كراوی (ئێرانی، میسری و سوودانی) لە عێراق مووچە وەردەگرن.
د.عومەر عەبدولستار مەحموود، پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: “دوای یەکلاکردنەوەی مووچەی بانکی ناوەندی، لە کۆی پێنج ملیۆن کارمەند، یەک ملیۆن و 600 هەزار کارمەندی بندیوار هەن، کۆی پارەكەیان مانگانە ترلیۆنێک و 600 ملیۆن دینارە”.
ئەو پەرلەمانتارە بە پشت بەستن بە قسەكانی (ئەحمەد ئەلسەعدی)، بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی خانەنشینی عێراقەوە نووسیویەتی: “یەک ملیۆن خانەنشینکراوی (ئێرانی، میسری، سوودانی) لە عێراق مووچەیان هەیە. واتە دوو ملیۆن و 600 هەزار کەس بە ناڕەوا مووچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن.“
هەروەها دەشڵێت: ”هیوادارین حکوومەتی داهاتوو ئەم پلانە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی ساڵانە 30 ترلیۆن دینار پاشەکەوت بکات. ئەم بڕە پارەیە یەکسانە بە بودجەی سووریا و لوبنان و ئوردن.“


































































