چاک شومەر، سەرۆکی کەمینەکانی دیموکراتهكان لە ئەنجوومەنی پیران ئه‌مڕۆ یەکشەممە هۆشداری دایە دۆناڵد ترەمپ كه له‌سه‌ر رێگای دیكتاتۆریه‌ت نه‌ڕوات، دوای ئەوەی فشاری خستە سەر وەزارەتی داد بۆ دادگایی‌کردنی نەیارانی سیاسی.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 21ی ئه‌یلول، ئاژانسی هه‌واڵی “فرانس پرێس” بڵاویكردووه‌ته‌وه: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سی ئێن ئێن”، چاك شومەر سه‌رۆكی دیموكراته‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی پیران رایگەیاندووە: “به‌كارهێنانی وه‌زاره‌تی داد وه‌كو ئامرازێک بۆ سنوورداركردن و بەدواداچوونی نه‌یاره‌كانی(ترامپ)، جا تاوانبار بن یاخود نا رێگایەکە بەرەو دیکتاتۆرییەت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم جۆره ره‌فتارانه ته‌نیا دیکتاتۆرهكان دەیکەن”.
ترەمپ ڕۆژی شەممە بە ئاشکرا داوای لە وەزارەتی داد کرد ئەو کەسانە دادگایی بکەن کە بە نەیارەکانی دەزانێت، ئەمەش دوایین هەنگاوە لە زنجیرەیەک هەنگاوی له‌و شێوه‌یه کە رەخنەگران دەڵێن، وەزارەتی داد به‌هۆی تره‌مپه‌وه سه‌ربه‌خۆیی و بێ لایه‌نی خۆی له‌ده‌ستداوه.
لە پۆستێکدا کە ئاڕاستەی “پام بۆندی” سه‌رۆكی داواکاری گشتیی کردووه، ترەمپ لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا “سۆشیاڵ تروس” رەخنەی لە دواکەوتنی لێپێچینەوە لە دژی سیناتۆری کالیفۆرنیا “ئادەم شیف” و داواکاری گشتی نیویۆرک “لێتیسیا جەیمس” گرتووه کە هەردووکیان دیموکراتن.
داواكاری لێپرسینه‌وه له‌و دوو داواكاره له كاتێكدا دێت، بیل بۆڵت، سەرۆکی دەزگای دارایی نیشتەجێبوون کە کەسێکی دەستنیشانکراوی ترەمپە، تۆمەتباریان دەکات بە ساختەکردنی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە داواکاری قەرزی خانووبەرە.
تره‌مپ راشیگه‌یاندووه: “ناتوانین زیاتر چاوەڕێ بکەین. ئەمە ناوبانگ و متمانەمان لەناو دەبات”، ئاماژەی بەوەشکردووه، کە دەیان نامەی خوێندووەتەوە کە داوای لێپێچینەوە لە شیف و جەیمس دەکات، هەروەها جەیمس کۆمی بەڕێوەبەری پێشووی FBI کە تۆمەتباری کردووە بە درۆکردن لەگەڵ کۆنگرێس.

































































