مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

دوو كچی كوردی شاری دێریكی ڕۆژئاوای كوردستان، لە لایەن گرووپێكی چەكداری سەر بە فیرقەی سوڵتان سلێمان شا كە بە “ئەلئەمشات” ناسراوە لە شاری حەلەب ڕەفێندراون و لەبەرامبەر ئازادكردنیان داوای 150 هەزار دۆلار دەكەن .
ئیبراهیم شێخۆ، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە سووریا ڕاگەیاند “نۆرمان سەرحان و هاوڕێكەی فاتیمە ساڵح، لەلایەن گرووپێكی چەكداری سەر بە فیرقەی سوڵتان سلێمان شا كە بە “ئەلئەمشات” ناسراوە بە ناوی فەرماندەكەی، محەممەد ئەلجاسم ئەبوئەمشا كە ئێستا وەك فەرماندەی فیرقەی 62ی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە دەسەڵاتی ئینتقالی دیمەشق كار دەكات، ڕفێنراون،”
دەشڵێت “ئێستا ئەو دوو كچە كوردە لە یەكێك لە بارەگاكانی ئەو گرووپەن لە ناحیەی شیح لە عەفرین.”
ئەو دوو كچە كوردە لە 13ی ئەم مانگەوە بە ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی خۆیان بە مەبەستی دیداری هاوڕێیەكیان، ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەریان بەرەو شاری حەلەب جێ هێشتووە كە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی كوتلە ئۆپۆزیسیۆنەكان و دەسەڵاتی ئینتقالی دیمەشق لە لادێكانی حەلەب، لەو ڕۆژەوە چارەنووسیان نادیار بووە .
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، چەندین جار كەسانێك لە ڕێگەی هەژماری نۆرمان لە ئینستاگرام بە زمانی توركی قسە دەكەن و لە بەرامبەر ئازادكردنی كچەكان داوای 100 بۆ 150 هەزار دۆلار دەكەن .
مام و باوكی نۆرمان كە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، بەدواداچوون بۆ دۆسیەكە دەكەن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و هەروەها بنەماڵەی فاتیمە لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی ئازادكردنی كچەكان مسۆگەر بكەن.

































































