بابەتی یازدەیەم و كۆتایی: ئامادەیی گەنجان بۆ بازاڕی كار

كامەران ئیبراهیم شێروانی ـ مامۆستای زانكۆ
لە زنجیرە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی “بێكاری لە سۆران؛ لە چاوەڕوانییەوە بۆ دەستپێشخەری”، كە دە وتار لە خۆی دەگرێت، بە وردی تیشكم خستۆتە سەر ڕۆڵی بنەڕەتیی حكومەت، كەرتی تایبەت، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، خێزان، پەروەردە و زانكۆكان لە دروستكردن و فەراهەمكردنی دەرفەتی كاردا. لەو وتارانەدا هەوڵمداوە بە شێوەیەكی زانستی و شیكارییانە، پوختەی ئەم بوارانە بخەمە ڕوو و قووڵبینانە پەنجە بخەمە سەر برینەكان، هەوڵمداوە ئاستەنگەكان و ڕێگەچارە گونجاوەكان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان، گەنجان و خوێنەران دەستنیشان بكەم.
بەڵام، لەم وتارە كە كۆتا وتارە تیشك دەخەمە سەر خاڵێكی سەرەكی و یەكلاكەرەوە كە سەركەوتنی گەنجان لە بازاڕی كاردا بەندە لەسەری: ئەویش ئامادەیی خودی گەنجانە بۆ كاركردن. دەكرێت چەندین هەلی كار و دەرگای كراوە لەپێش بێت و بازاڕی كار پێویستی بە هێزی كار هەبێت، بەڵام گەر گەنج خۆی نەیهەوێت كار بكات و ئامادەیی پێویستی نەبێت بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانە، ئەوا ئەو دەرفەتانە بێ سوود دەبن و ناتوانرێت سوودی تەواویان لێ وەربگیرێت.
ئامادەیی گەنجان بۆ كاركردن تەنها بریتی نییە لە هەبوونی بڕوانامەیەكی ئەكادیمی؛ بەڵكو زیاتر پەیوەستە بە ڕۆحێكی پەرۆش و ویستێكی بەهێز بۆ كاركردن و بەدەستهێنانی ئەزموون. خاوەنكارەكان بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە ئامادەن پابەند بن بە كاتەكانی كاركردن، بە ئەركەكانیان هەڵبستن بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و نهێنی پارێزی. ئەمە واتای ئەوەیە كە گەنج دەبێت هۆشیار بێت لەبارەی ئەوەی كە كاركردن تەنها سەرچاوەی داهات نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی بەردەوامە بۆ گەشەكردنی كەسی و پیشەیی. هەروەها، گرنگە گەنجان خۆیان بەدوای دەرفەتەكانی كاردا بگەڕێن و بەشێوەیەكی چالاكانە و متمانەبەخۆوە خۆیان نمایش بكەن، نەك تەنها چاوەڕێی دەرفەتەكان بن. دروستكردنی پەیوەندی پیشەیی و بەشداری چالاكانە لە فیستیڤاڵ و پێشانگاكانی كاردا دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی هەلی كار و گەیشتن بە دەرفەتی كار و خاوەنكارەكان.
لە كۆتاییدا، دەبێت ئەوە بزانین كە سەركەوتن لە بازاڕی كاردا تەنها بە هەبوونی دەرفەت نایەتە كایەوە، بەڵكو ئامادەیی، ئیرادە و ویستی گەنج خۆی بۆ كاركردن كلیلی سەرەكییە. گەنجێك كە بەدوای فێربوونی بەردەوامەوەیە، تواناكانی خۆی دەناسێت و بەپەرۆشەوە پەرەیان پێدەدات، هەستێكی بەرپرسیارێتی بەرزی هەیە و بە چالاكانە بەدوای دەرفەتەكانی كاردا دەگەڕێت، ئامادەیە قوربانی بدات لەپێناو كاركردن و بەردەوامبوونی لە پیشەكەیدا، ئەوا دەتوانێت لە هەرشوێن و كێڵگەیەكی كاردا سەركەوتوو بێت. ئامادەیی گەنجان بۆ بازاڕی كار، پێكەوە لەگەڵ دەرفەتە ڕەخساوەكان و پشتیوانی دامەزراوەكاندا، داهاتوویەكی گەش و ئابوورییەكی بەهێز بۆ ناوچەكە و هەموو كوردستان دابین دەكات.ئەوە ڕوونە كە لەمێژووی هیچ گەلێكدا گەشە بەبێ گەنجی كارا و چالاك نەهاتووە.


































































