زاری كرمانجی – سۆران:
لە دونیای وەرزشی ئەمڕۆدا، خواردنەوەی قاوە لە نێو بەشێك وەرزشواناندا زۆر بەكاردێت، چونكە قاوە تەنها خواردنەوەیەكی ئاسایی نیە لە ژیانی ڕۆژانەمان بەڵكو دەتوانێت كاریگەرییەكی بەهێز لەسەر چالاكی و كارایی یارییە وەرزشییەكان دروست بكات.
لێكۆڵینەوە زانستییەكان دەری دەخەن كە خواردنەوەی قاوە بە هۆی بوونی كافیین تیایدا دەتوانێت چالاكی وەرزشی بە شێوەیەكی بەرچاو لە یاریزان باشتر بكات، چونكە هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی ماندووبوون و خەواڵووبوون، بەڵام لە لایەكی دیكەوە سەرەڕای سوودەكانی خواردنەوەی قاوە، كاریگەری نەرێنیشی هەن كە دەبێت وەرزشوانان ئاگاداری بن، چونكە ڕۆژانە زۆر خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی خێرابوون و تێكچوونی لێدانەكانی دڵ، و هەستكردنی وەرزشوان بە نائارامی و دڵەڕاوكێ و نیگەرانی و كەم خەوی، و یەكێك لە باوترین كێشەكان ئەوەیە كاتێك زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی بەردەوامی قاوە بكرێت ئەوا كاریگەرییە باشەكانی بۆ وەرزشوانان لەدەست دەدات و بە پێچەوانەوە زیانی دەبێت.
بۆیە باشتروایە بە ڕێژەیەكی دیاریكراو قاوە بوخرێتەوە زیاد لە پێویست نەبێت لە ڕۆژێكدا جگە لەمەش لە كاتی بەیانیان بێت خواردنەوەی و دوای نیوەڕۆ بە ڕێژەیەكی كەم و شەوان نەخورێتەوە.
خواردنەوەی قاوە بە شێوەیەكی ڕێك و سنووردار كاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ باشكردنی چالاكی وەرزشی، بەڵام پێویست بە زۆر بەكارهێنانی لە ڕادەبەدەر ناكات، باشتر وایە بەشێوەیەكی گونجاو بخورێتەوە لە كات و ساتی لەبار، هەروەها گرینگە زۆر نەخورێتەوە تا دوور بكەونەوە لە كاریگەرییە نەرێنییەكان.
ڕاستە خواردنەوەی قاوە هەندێك سوودی بۆ وەرزشوانان هەیە بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگتر و بەسوودتر ڕاهێنانی بەردەوامی وەرزشی و خەوی ڕێك و خواردنی خۆراكی ڕێك و تەندروستە بۆ وەرزشوانان.


































































