مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

فەرید باوەیی، وێنەگری كوردی تەمەن 25 ساڵەی دانیشتووی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خەڵاتی یەكەمی حەوتەمین كێبڕكێی نێودەوڵەتیی وێنەی “ڕوانگەی گەنجان بۆ شەقامەكانی هەوریشم”ی یونسكۆی بە وێنەی “كچە سواركاری كورد” لە جەژنی نەورۆز مسۆگەر كرد.
كێبڕكێی نێودەوڵەتیی وێنەی “ڕوانگەی گەنجان بۆ شەقامەكانی هەوریشم”ی یونسكۆ لە ژێر ناوی “ژنان، نیگابانانی میراتی شەقامەكانی هەوریشم”، لە ٢٦ـی ئایار تا ٥ـی ئابی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، فەرید باوەیی وێنەگری كوردی سەقزی بە وێنەی “كچە سواركاری كورد” كە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی چەشمیدەری هاوێری سنە گیراوە، توانی لە نێو بەشداربووانی 85 وڵاتی جیهان خەڵاتی یەكەم و كامێرایەكی پرۆفیشناڵی بە خەڵات بردەوە.
لیژنەی دادوەرانی ئەم خولە لە كێبڕكێی وێنەگری یونسكۆ بریتی بوون لە “هانا ڕیس مۆرالێس” لە فیلیپین، “تاندیوە مۆریۆ” لە كینیا، “ئیمیلیۆ مۆرێناتی” لە ئیسپانیا و “زێنگ یی” لە چین.

































































