ئەژین غەفار
کاتێک چەمکەکانی دەسەڵات و سیاسەت دەکەونە سەر زار، ڕاستەوخۆ؛ هزرمان بۆ هێزی سەربازی و توندوتیژی دەچێت. ڕاستییەکەی، هێزی نەرمیش جۆرێکی دەسەڵاتە لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا.
هێزی نەرم ئەو توانستەیە کە وڵاتێک بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی، بە سەر وڵاتێکی دیکەی جیهان بەکاردەهێنێت؛ بەبێ ئەوەی پەنا بباتە بەر هێزی سیاسی و سەربازی. ئەمەش لە رێگەی سەرنجڕاکێشان یان قایلکردنی وڵاتەکە بە چەندین بەهای باڵا و کاریگەر. سەرچاوە پێکهێنەرەکانی هێزی نەرم بریتین لە: کولتوور، ئایین، وەرزش، بڕاند، زانست، تەکنەلۆجیا، سینەما و هونەر.
بۆ وێنە، زمانی نێودەوڵەتیی ئینگلیزی کە لە سەرانسەری دنیا ئاخێوەری هەیە؛ وا دەکات ببێتە ئامرازێکی هێزی نەرم و سەرنجی نەتەوە غەیرە ئینگلیزەکانی پێ ڕابکێشرێت بۆ دەوڵەتانی قسەپێکەر بەم زمانە. چونکە زمانێکە بەهۆی بە نێودەوڵەتیبوونییەوە، باڵای و گرینگیێکی جیهانی بەدەستهێناوە. بەشێوەیەکی گشتی هێزی نەرم؛ توانای ڕازیکردنی گەلانە بە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی کولتوور و بەهاکانەوە نەک بە ڕێگەی سەخت و زبر.
ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین و باسی وڵاتانی ناوچەکە بکەین، دەبینین یەکێک لە ئامرازەکانی هێزی نەرمی وڵاتێکی وەک ئێران (هونەر و سینەما)ـکەیەتی؛ کە لە ڕێگەیەوە هەڵساوە بە ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەکانی غەیرەئێرانی بۆ وڵات و کولتوور و نەتەوەی خۆی. کاریگەرییەکەشی لەنێو نەتەوەی کورد بە ئاشکرا دیارە، بەوەی کە لە ئێستادا هەندێک لە دایبابان حەز بە ناوی فارسی دەکەن بۆ منداڵەکانیان، کە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری سینەمای ئەو وڵاتە لەسەر ناوچەکە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای هێزە سەربازی و سیاسییەکەی، هێزی نەرمی خۆی لە بوارەکانی (سینەمای هۆڵیوود، خواردنی خێرا و بڕاندەکانییەوە) پراکتیزە دەکات.
ئەی چی دەربارە کوردستان؟ لەوانەیە وای لێ بفکرین مادەم کوردستان خاوەنی زمانێکی نێودەوڵەتی و سینەمای جیهانی نییە، کەواتە بێ بەشە لە هێزی نەرم! نەخێر. کوردیش خاوەن کەرەستەی هێزی نەرمە.
نموونە نەورۆز بۆنەیەکی مێژوویی، نەتەوەیی و کولتووریی دێرینی کوردە. لەنێو نەتەوەکانی ناوچەکە، جیاوازتر لە هەمووان ئەم بۆنەی یاد کردووەتەوە. هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ساڵانە لەگەڵ جەژنی نەورۆز، سەدان گەشتیار و خەڵکی بیانی لە وڵاتانی جیهان سەردانی کوردستان بکەن بۆ بینینی ئاهەنگی نەورۆز لە نزیکەوە. خۆشیگێڕانی بە کۆمەڵی گەلی کورد تێکڕا لە ناوچە کوردستانییەکان، هەڵکردنی ئاگری نەورۆز وەک هێمایێکی ڕووناکی و گەرمی، چیڕۆکی زوحاک و زاڵبوون بەسەر ستەم، هاتنی بەهار و ڕزگاربوون لە سەرمای زستان… هەموو ئەمانە نەورۆزی کوردی سەرنجڕاکێشتر کردووە و بووەتە هێزێکی نەرمی ڕاکێشانی خەڵکانی بیانی بۆ ناوچەکە.
هەروەها، ئەشکەوتی شانەدەر وەک هێزێکی نەرم سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ بەوەی خاوەن ئاسەوارگەلێکی مێژووییە دەربارەی چاخی بەردینی کۆن. بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی هەزاران ساڵە مرۆڤ لەو ناوچەیەدا ژیاوە و شارستانییەت لێرەوە سەریهەڵداوە.
هەروەها، قەڵای هەولێر وەک میراتێکی جیهانی لە یونسکۆ تۆمار کراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ۷۰۰۰ ساڵ بەر لە ئێستا. زیاتر لەوەش، نەریتی میواندۆستی، کولتووری پێکەوەژیان و فرەیی نێو هەرێمی کوردستان هەستی هاوسۆزی، نیازپاکی و نزیکایەتی دروست کردووە لەلای خەڵکانی بیانی. ئەمانە هەموویان وەک کەلەپوور، مێژوو و نەریتی تایبەت بە گەلی کورد بە هێزی نەرم هەژمار دەکرێن و دەبنە هۆکاری سەرنج ڕاکێشانی گەلانی بیانی ناوچەکە.
































































