مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند بە هۆی تۆپبارانی هێزەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق بۆ سەر شارۆچكەی دێرحەفەر لە لادێكانی حەلەب، ١١ كەس كوژران و بریندار بوون كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
لە ڕاگەیاندراوەكەی ڕوانگەی سووری هاتووە “لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەكانی سوپای سووریا بۆ سەر گوندی ئوم ئەلتینا سەر بە شارۆچكەی دێرحەفەر، حەوت كەس گیانیان لەدەستدا كە پێنجیان ژن و دوو منداڵ بوون، چوار كەسی دیكەش برینداربوون كە سێ ژنیان تێدایە.”
هاوكات هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند ” گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق و لایەنگری توركیا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە 20ـى ئەیلوولی 2025، ڕەشەكوژییان لە دژی خەڵكی سڤیلی گوندی ئوم تینا لە دەوروبەری ناوچەی دێرحافری ڕۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامدا، بە درۆن و تۆپ هێرشیان كردووەتە سەر گوندەكە و 7 كەسی سڤیلیان كوشتووە، كە منداڵیان لەنێودایە و 4ی دیكەیان بریندار كردووە.”
هەسەدە دەشڵێت”بە توندترین شێوە ئەم تاوانە قێزەونە سەركۆنە دەكەین كە بەشێكە لە ڕێچكەی بەردەوامی چەندین ساڵی ئەو گرووپانە بۆ بەئامانجكردنی خەڵكی سڤیلی بێ چەك.”


































































