زاری کرمانجی – سیدەکان :
جوتیارانی دەڤەری برادۆست لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەمەبەستی ساغبوونەوەی بەروبوومی ناوخۆییان، داوا لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکەن رێگری بکەن لە داخڵبوونی تەماتە و بەربوومەکانی دیکە .
ئەڕسەڵان سۆفی عەلی، جوتیارێکی دەڤەرەکەیە و لە کوێستانی بەربزین ژمارەیەکی زۆری تەماتەی بەرهەمهێناوە، بە زاری کرمانجی گووت ، رێژەیەکی زۆری زەویم بە تەماتە داچاندووە ، تەماتەی دەڤەرەکەمان باشترین جۆرە و لە عەلوەکانیش تەماتەی ئێمە هەبێت کەس لە تەماتەی دیکە ناپرسێت و نایکڕن .
زیاتر گوتی ، بەرهەمی تەماتە تێچوێکی زۆریشی پێویستە تا دێتە بەرهەم، بەڵام لە کات و ساتی پێگەیشتن، تەماتەی ئێران و وڵاتانی دیکە داخل دەبن ئەمەش وا دەکات بەرهەمی ئێمە بە نرخێکی هەرزان ساغ ببێتەوە و زیانمان پێ بگات، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەین ڕێگری لەم کارە بکەن .
لەلایەکی دیکەوە، ڕەمەزان عەبدوڵڵا جوتیارێکی دیکەیە، دەڵێ:” ئەگەر حکوومەت هاوکار بێ لە بڕیاردان بۆ ڕێگری کردن لە داخڵ بوونی تەماتەی دەرەوە، یان هەناردەکردنی تەماتەی خۆماڵی، بێ گومان نرخی تەماتە بەرز دەبێتەوە و جوتیارانیش سودی باش دەبینن، بەڵام ئێستا هەمیشە ترسیان هەیە لە زەرەر مەندبوونییان .
گووتیشی:” تەماتەی خۆماڵی جوانتر و تامی خۆشترە، پێویستە گرنگی زیاتر بە بەرهەمی نێوخۆی بدرێت، تا هەلی کاری زیاتر بڕەخسێت و بەربوومی جوتیارانیش لە بازاڕەکان ساغ بکرێتەوە .

































































