ڕاپۆرت -زاری كرمانجی
بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایدا جوتیاران بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی پەنایان بردۆتە بەر بەكارهێنانی پێكهاتەی نایلۆن، كەچی چالاكوانانی ژینگەپارێزی ئەو جۆرە پێكهاتە بە مەترسی ناودەبەن بۆ سەر ژینگەو دەڵێن فڕێدانی نایلۆن لەسەر زەووی بۆ چەندین ساڵ شی نابێتەوەو زەویەكە ژەهراوی دەكات.
كارزان شێخۆ، بەرپرسی لقی خەلیفانی ڕێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بە زاری كرمانجی گووت: “بەكارهێنانی نایلۆن لەلایەن جوتیاران بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، لە چەندین ڕووەوە كاریگەری هەیە لەسەر ژینگە، هەرچەندە بەرهەمەكە زوتر لەكاتی خۆی پێ دەگات وە شێ لە ژێر نایلۆن یان خۆلی ناو ڕەگەكانی دروست دەكات، بەڵام كاریگەریە نەرێنیەكانی زیاترن ئەگەر لە ڕووی ژینگەیەوە لێی بڕوانین، بەهیچ شێوەیەك هەموو لایلۆنەكە هەلناگیردرێتەوە ژینگەی ئەو شوێنەی داچاندنی تێدا دەكرێت پیس دەكات و تاماوەیەكی زۆر خاكەكەی دواتر شی دەبێتەوەو ژەهراوی دەكات”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: ” ئەو خاكەی بە نایلۆن كشتوكاڵی لێ دادەچێندرێت، بەرهەمەكەی بەهۆی ڕەخساندنی هەلیێكی ناسروشتی بۆ شەتلی نەمامەكە ئەهمیەتی خۆراكەكەی لەدەست دەدات، لەوانەیە هەندێك جار ببێتە مەترسیش لەسەر خواردنی بەرهەمەكە بۆ مرۆڤ، هەروەها خاكەكەش ماددەخۆراكییەكانی كەم دەبێتەوە، ئەمانەوەی چەندین زیانی دیكەی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە، بۆیە گرنگە ئەم جۆرە كارانە بەشێوەیەكی تەندروست ئەنجامدرێن.
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “بەكارهێنانی نایلۆن لەكاتی كاركردن لە زەوییە كشتوكاڵییەكان، بە گونجاو نازانین و پێویستە ڕێگری لەم دیاردەیە بگیرێت. چونكە جوتیارەكان چاندنی خۆیان دەكەن، بەڵام ژینگە باجەكەی دەدات. ماویەكە بەكارهێنانی نایلۆن بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان بووتە دیاردە بۆ هێشتنەوەی زەوییەكە بە شێداری وەك نەریتێك بووتە هەرەشە بۆ سەر ژینگە و كشتوكاڵ لێ دەڕوانین كە دوای پێگەیشتنی بەرهەمەكان و وەرزی كشتوكاڵی نایلۆنەكە كۆناكرێتەوە تێكەڵ بە خاك دەبیت، بۆیە جوتیاران دەبێت پێكهاتەیەكی وا بەكاربهێن كە زیانی كەمتری هەبێت یان دوای بەكارهێنانی لەناو خاك فڕێی نەدەن و دووری بخەنەوە، چونكە ئەم نایلۆنە نزیكەی سەدان ساڵی پێویستە كە لەسەر زەوی شی نابیتەوە بۆیە زەوییەكەش پێتیەكەی لە دەست دەدات. بێجگە لەوەی كە بەكارهێنانی نایلۆن زیانی هەیە بۆ بەرهەمەكانی كشتوكاڵ، یەكێكە لە هۆكارەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە”.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، دەشڵێت: “لە ئێستادا لەجیهان شەرێكی گەورە بۆ بەرژەوەندی ژینگە دەستی پێ كردووە، هەوڵی بە كارنەهێنان یا خود كەم كردنەوەی كیسەی نایلۆن دەدرێت، هەروەك ئامارەكان باس لەوەدەكەن كە ساڵانە نزیكەی یەك ترلیۆن تۆن كیسەی نایلۆنی بەكارهاتوو فرێ دەدرێت، كە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ژینگەو زێندەوەرەكان بەگشتی”.
ئەمانەش چەند زیانێكی نایلۆنن بۆ سەر ژینگە:
1 .ناشیرین كردنی دیمەنی ئاسمان و زەوی، كە ژمارەیەكی زۆری ئەم كیسانە لەسەر شەقام وكۆڵانەكاندا پەرش و بڵاوبوونەتەوە و لە گەڵ رەشەبادا ئاسمان داگیر دەكەن.
2 . مەترسییەكانی نایلۆن لە زستاندا لە گەڵ ڕێرەوی ئاوی شەقامەكاندا دەچیتە نیۆ مەنهۆڵی زێرابەكانەوە و دەبنە هۆی كووبونەوەی ئاو لەسەر شەقام و شوێنەگشتییەكان و سەر زەوی و دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە شار و ماڵ و كۆگاكاندا.
- مەترسییەكانی نایلۆن زیان گەیاندن بە زیندەوەرەكان ئاژەڵەكان، چونكە زۆرێك لە مەڕوماڵأت و رەشەوڵاخ ئەو نایلۆنانە قوت دەدەن و دووچاری لەناو چوون دەبنەوە، سالانەش یەك ملیۆن ئاژەڵی دەریایی بە هۆی ئەم كیسە نایلۆنانە لە دەریاچەكان دەخنكێن.
- دروستكردنی زەمینەیەكی لاواز لە زەویدار لەكاتی كووبۆنەوەی ئەم نایلۆنانە لە چینەكانی زەوی دا كە زیان بە خانووبەرە و ڕووەك دەگەێنن .
لە نووسراوێكدا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە داوە، خاوەن پڕۆژەكان لە زەوییە كشتوكاڵییەكان لەكاتی كاركردن لەسەر زەوی كشتوكاڵی هەڵدەستن بە بەكارهێنانی نایلۆن بۆ چاندنی بەروبوومی كشتوكاڵی لەسەر زەوی.
ئەوەش خراوەتەڕوو: “دوای بەرهەم هاتنی بەروبوومەكان پاشماوەی نایلۆن و كەرستەكانی تر دەكەوێتە ژێر گڵ یاخود دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی دەورووبەری، هەربۆیە ئاگاداری گشت هۆبە و لقە كشتوكاڵییەكان دەكەینەوە ڕێگری لەو دیاردەیە بكرێت و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەنجامدەرانی بگرێتەبەر.

































































