بەپێی ڕاپۆرتی پیگەی (ئیلنا)، رێژەی ئاهەنگی هاوسەرگیری لە هۆڵەکانی ئێران بە گشتی و تاران بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، دۆخێک کە هەندێک لە خاوەن هۆڵەکان بە “ساڵی بێ بووک و زاوا” ناویان لێ ناوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشتر هۆڵە گەورەکانی پایتەخت هەفتانە چەندین ئاهەنگیان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا مانگانە تەنها دوو ئاهەنگبەڕیوە دەچێت.
لە راپۆڕتەكە ئاماژەی بە هۆڵێکی گەورە داوە کە توانای دابین كردنی شوێنی بۆ 1500 کەسە، لەم دواییانەدا ئاهەنگێکی سازکرد کە تەنها 50 میوانی تێدابوو، دۆخێک کە بەڕێوەبەرانی هۆڵەکە دەڵێن چیتر لە ڕووی ئابوورییەوە ناتوانرێت بەردەوام بێت.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچوونەکان، لە کرێی هۆڵ و خواردنەوە تا دەگاتە جلی بووکێنی و ئارایشتگا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی خواست لەسەر مەراسیمەکان. زۆرێک لە هاوسەرە گەنجەکان دەڵێن توانای ئەنجامدانی ئاهەنگی گەورەیان نییە.
خاوەن هۆڵەکان هۆشداریان داوە کە پاشەکشە تەنها لە هۆڵەکاندا نەوەستاوە، بەڵكو كاریگەری لەسەر چەند بواری دیكەش كردووە، وەك خواردنگەكان، گوڵ فڕۆشان و ڤیدیۆگرافییەكانیش زیانمەند بوونە.































































