بەشی فارسی ماڵپەڕی ئێندێپێندێت، لە راپۆڕتە هەواڵێكدا ئاشكرای دەكات كە نەتانیاهۆی سەرۆكی ئیسرائیل بە نهێنی سەردانی مۆسكۆی كردووە و لەگەڵ پۆتین كۆبووتەوە بۆ دواخستنی گەیاندنی چەكێكی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانی بە ئێران.
لە راپۆڕتەكەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی درێژکردنەوەی دەستبەرداربوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕەتکردەوە و تەنیا چەند ڕۆژێکی دیکە ماوە تا هەموو سزاکان بگەڕێنرێنەوە، بەشێک لە کتێبی “بی بی: چیرۆکی من”ی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە لە ساڵی 2022 دا بڵاوکرایەوە، سەرنجی ڕاکێشاوە.
لە بەشێكی کتێبەکەدا، ناتانیاهۆ باس لە یادەوەرییەکانی مانگی ئەیلولی 2009 دەکات و دەنووسێت: “لەکاتێکدا ئێمە بەدوای بژاردەی سەربازیدا بووین دژی ئێران، من باش ئاگاداری نیازی ئێران بووم بۆ کڕینی سیستەمی مووشەکی دژە فڕۆکەی پێشکەوتووی ئێس ٣٠٠ لە ڕووسیا. ئەم مووشەکانە چەندین کێشەی جددییان بۆ شەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانی دروست دەکرد ئەگەر بڕیارماندا هێرش بکەین.”
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، لە 7ی ئەیلولی 2009، چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی “بزووتنەوەی سەوز” لە ئێران، سەفەری مۆسکۆی کردووە و دیدارێکی نهێنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامداوە. ناتانیاهۆ سەبارەت بە کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: بە پوتینم وت دەزانم کە ئێوە ئامادەکاری دەکەن بۆ گەیاندنی سیستەمی ئێس 300 بۆ ئێران، ئایا دەتوانن ئەم گەیاندنە دوابخەن؟ پوتین لە وەڵامدا وتی کە ڕووسیا پابەندە بەو گرێبەستە واژۆکراوە و ئێران پارەی پێشوەختەی داوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوام لێکرد کە بە داواکارییەکەمدا بچێتەوە، لە کۆتاییدا دابینکردنی ئەو سیستەمە بۆ ماوەی 7 ساڵ دواکەوت.
کۆماری ئیسلامی و ڕوسیا لە ساڵی 2007 گرێبەستی کڕینی سیستەمی ئێس 300یان کۆتایی پێهێنا، بەڵام لە ساڵانی 2009 و 2010 گەیاندنی ئەو سیستەمە ڕاگیرا. دواجار ڕووسیا لە ساڵی 2016دا گەیاندنی ئەم سیستێمانەی تەواو کرد.


































































