محەممەد مەحموود- سۆران :
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە ٢١-٩-٢٠٢٥ وەکو دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، قوتابخانە و پەروەردەکان لە ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ پێشوازی ساڵی نوێی خوێندن، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی 100 هەزار قوتابی روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن
ئەحمەد حەمەدەمین، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ساڵ بە ساڵ ژمارەی قوتابییان و قوتابخانە و باخچەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روویان لە زیاد بوونە، بۆ ئەمساڵی خوێندن 657 قوتابخانەی حکومی، 39 قوتابخانە و باخچەی ناحکومی ، لە پێشوازی قوتابییان دەبن، کۆی گشتی قوتابخانەکانی ئیدارەی سۆران بە حکومی و ناحکومییەکان دەکاتە 696 قوتابخانە “.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ئاماری قوتابییانیشی لە ڕێگەی زاری کرمانجییەوە خستەروو و گوتی ” 84 هەزار و 404 قوتابی، ئاسایی روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، جگە لە ژمارەی قوتابییانی دەرەکی، تا ئێستا بەردەست نییە، ژمارەی قوتابییانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی به تەواوی پەروەردەکان 6 هەزار 172 قوتابییه لە قوتابخانەکانی حکومی و ناحکومی، ئەو ژمارەیەش بەردەوام رووی لە هەڵکشانە و گۆڕانکاری بەسەر دادێت.
ژمارەی قوتابییانی باخچەکانیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران له قۆناغی یەکەم و دووەم بریتی یە لە 3405 قوتابی.
کۆی گشتی قوتابییان لە قوتابخانە و باخچەکان دەکاتە 93 هەزار و 981 قوتابی کەوا ئەمساڵ لە ناوەندەکانی خوێندن دەخوێنن.

































































