فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی چاوپێكەوتنی پێشمەرگەیەك لەگەڵ كەناڵێكی راگەیاندن بڵاو دەكاتەوە، تێیدا فەرماندەی زێرەڤانی ئاماژە بەوە دەکات كە پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ بەدەستهێنانی ڤیو و بینەری زیاتر، ئیستغلالی ئازار و بەرائەتی پێشمەرگە نەكەن.
لە روونکردنەوەکەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی هاتووە: “کەناڵی رووداو لە 10/8/2025، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێشمەرگەیەک بەناوی عەدنان زوهێردگ کردووە کە برینداری شەڕی داعشە و نابەرپرسیارانە و بە بێ مۆڵەتی خۆی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێ بڵاو کردۆتەوە.”
ئاماژە بەوەش کراوە: “ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پێشمەرگەیە نەخۆشیشی هەبووە و ڕووداو بەداخەوە ڕەچاوی دۆخی نەخۆشیەکەی نەکردووە لەبری ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار بکات تەنیا لەبەر ورووژاندنی خەڵک و بەدەستهێنانی ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازارەکانی ئەو پێشمەرگەیەی کردووە.”
ئەوەش خراوەتە روو: “دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لەلایەن رووداوەوە فەرماندەیی زێرەڤانی هەڵسا بە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە و دواجاریش دەرکەوت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر لەسەرەتای برینداربوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانە بۆ چاکبوونەوەی یارمەتیان داوە و هاوکاری کراوە و بە بەردەوامی ڕەچاوی دۆخی تەندروستی و ژیانی کراوە و بە بڕیاری لیژنەی پزیشکی، وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشینی کردووە.”
هەروەها فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی راشی گەیاندووە: “پێویستە راگەیاندنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە هیچ شێوەیەک بۆ بینەری زیاتر و ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازار و بەرائەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نەکەن.”
































































