بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەحمەد شەرع بەشداری لە خولی هەشتایەمی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بکات و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دیدار بکات.
بە پێی زانیارییە بلاو كراوەكان لە كەناڵی (CBS NEWS)، بۆ دیداری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ (ئەحمەد شەرع)ی سەرۆكی سوریا، ئامادەكاری دەكرێت، ئەمەش لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان.
بۆ یەكەمجار ئەحمەد شەرع لە 14ی ئایاری رابردوودا، لە سعودیە چاوی بە ترەمپ كەوت، دواتریش سەردانی پاریسی كردو لەوێ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لێكرد.
ئەحمەد شەرع یەكەم سەرۆكی سوریا دەبێت (لەدوای نوورەددین ئەتاسی سەرۆكی پێشووتری سوریاوە 1967) لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان قسە بكات.


































































