ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو ملیار دینار وەک فریاگوزاریی بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران و کەم و کوڕی و گرفتەکانی تەرخانکرا .
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگادا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریی بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ و خاوێنکردنەوەی چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆل، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و کەند و ڕێرەوە سروشتییەکانی ئاوی باران ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگار و قایمقامەكانی ناوەندی، بنەسەڵاوە، قوشتەپە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی ئاودێری، ئاوەڕۆكان و پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگاو بانی هەولێر ئامادەیی بوون، پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی پلان و بەرنامە و نەخشەڕێگەی وەرزی باران بارینی ئەمساڵ و ڕێگا چارەسەرییەكانی کێشە و گرفتەكانی خستەڕوو، ئاماژەی بەو پلان و بەرنامە و پڕۆژانەدا کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتی و فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدراون، بە هۆیانەوە توانراوە تاڕادەیەکی زۆر مەترسییەكانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر كەمبکرێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە وەرزی بارانبارین و زستانی ئەمساڵ، جەختی لە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ كردەوە و سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان و بەرێوەبەرایەتیەكانی ئاوەڕۆ و ئاودێری هەولێر و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی ڕاسپێدران، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکی نەخوازراوی گۆڕانی كەش و هەوا و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادە.
ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەكی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر و دەوروبەری، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵمەتی گشتگیری پاککردنەوەی سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆل، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و کەند و ڕێرەوە سروشتییەکانی ئاوی باران بەر لە وەرزی باران بارین كراوەتەوە.
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وو ملیار دینار وەک فریاگوزاریی بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و رێرەوەکانی ئاوی سروشتی و کەم و کوڕی و گرفتەکان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر و کەند و رێڕەوی سروشتی ئاوی باران و نەهێڵانی كێشەكان تەرخانكراوە، لەوبارەیەشەوە بڕیاردبڕە پارەکە بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی ئاودێری، بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕیگاوبانی هەولێر تەرخانکراوە، بۆ چارەسەرکردن و نەهێڵانی ئەو کەم و کوڕی و گرفتانەی هەن، جەختیشی له خێڕاترکردنی هەنگاوەکانیان کرایەوە و پارێزگاری هەولێر دووپاتی لەوە کردەوە، کە دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنیان.


































































