وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، هاوردەكردنی 44 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی بۆ ناوخۆی عێراق قەدەغە كراوە وەك پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران و دوای گەیشتن بە توانای خۆبژێویدا.
مەهدی سەهەڕ ئەلجبووری بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاندووە: بڕیاردراوە بە قەدەغەكردنی هاوردەكردن بۆ 44 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی وەك پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران و هەروەها بۆ پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕەكاندا.
راشیگەیاندووە: هەرچەندە چەند ساڵێكە عێراق بەدەست وشكەساڵی و كەمئاوی دەناڵێنێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا هەوڵدراوە سوود لە شێوازە نوێیەكانی ئاودێری ببینرێت لە بواری كشتوكاڵدا.
بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە لەگەڵ فەراهمكردنی شێوازە نوێیەكانی ئاودێری، هەروەها پێویستە لە بازاڕ و نرخیشدا پاڵپشتی جوتیاران بكرێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان، قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەم جۆرە بەهەمانەش، بەشێكن لە پشتگیرییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جوتیاران.

































































