زاری کرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سۆران، ئەو ئامێرانەی کاری کردنەوەی ڕێگاکانیان پێ ئەنجام دەدەین، هەمان ئامێری پێشترن و توانیومانە بە هەر شێوەیەک بێت ئیش و کارەکانمان پێی ڕاپەڕینین.
ئەندازیار خوسرەت سادق دری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: ” لەبەر ئەوەی ئیدارەی سۆران بەشی زۆری ناوچەی شاخاوییە و ساڵانە لە وەرزی زستان و بوونی باران و بەفر ڕووبەڕووی ڕووداوەکانی داڕمانی شاخ و هاتنە خوارەوەی بەرد دەبینەوە، بۆیە ساڵانە تیمەکانمان بەردەوام لە ئامادەباشیدان لە ئەگەری هاتنە خوارەوەی بەرد و داڕمانی شاخ بە زووترین کات دەگەنە شوێنی مەبەست و دەست بە پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەکانی دەکەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست نەبێت”،
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سۆران ئەوەش دەڵێ:” سێ تیمان هەیە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیمان، ئەوانیش بریتین لە کەرتەکانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان) بۆ ئەوەی بتوانین زووتر بە ئیش و کارەکانمان ڕابگەین”.
لەبارەی بوونی ئامێر و پێداویستییەکانیان، ئەندازیار خوسرەت سادق دری، ڕایگەیاند:” ئەو ئامێرانەی کاری ڕاماڵینی بەفر و کردنەوەی ڕێگاکانیان پێ ئەنجام دەدەین، هەمان ئامێری پێشترن و توانیومانە بە هەر شێوەیەک بێت ئیش و کارەکانمان پێی ڕاپەڕینین، بەڵام داواشمان کردووە ئامێری زیاتر و پێداویستی باشترمان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی خێراتر و باشتر بە ئیش و کارەکانمان ڕابگەین”.