هەژماری من نزیك بووەتەوە لە تۆماركردنی یەك ملیۆن مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستان، ئێستە خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمار دەكرێت، دواین كاتیش بۆیان یەكی تشرینی دووەمی ئەمساڵە.
سنوور خۆشناو ئەندامی كۆمەڵەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئاشكرای كرد: خۆشبەختانە هەژماری من گەیشتە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش، بۆ ئەوەی مووچەكانیان بە بانكی بكرێت.
زیاتر گوتی، بەپێی ئاگادارییەك سەرجەم خاوەن پێداویستی تایبەتەكان، ئاگادار كراونەتەوە لە هەفتەی داهاتوودا دەبێت دەست بكەن بە پڕكردنەوەی فۆرمی هەژماری من.
باسی لەوەش كرد، پڕكردنەوەی فۆرم 40 رۆژ بەردەست دەبێت و لە یەكی تشرینی دووەم كۆتایی دێت، بۆیە پێویستە خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار بكەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن لە راگرتنی مووچەكانیان.
ئەوە لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 90 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە و سوودمەندن لە وەرگرتنی بڕی 150 هەزار دینار، بە تۆماركردنی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە، ژمارەی بەشداران نزیك دەبێتەوە لە یەك ملیۆن مووچەخۆر.
































































