سەرۆكی سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتن، ناوی ئەو گرووپانەی ئاشكرا كردووە كە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانیان بۆردومان كرد، ئێستا هەردوو گرووپەكە خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمەریكاوە.
ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالیی عێراق لە گفتوگۆدا بوون بۆ ئەوەی لەسەر پرسەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و داهاتی ناوخۆ و مووچە ڕێك بكەون، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرالیی عێراقەوە كێڵگە نەوتیەكانی كوردستان بۆردومان كران و بەم هۆیەوە بەرهەمی نەوتی كوردستان تا ئاستی سفڕ كەم بووەوە.
لەمبارەیەوە هەر ئەوكات نزار حەیدەر، چاودێری سیاسیی عێراقی و سەرۆكی سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتن كە رێكخراوێكی ناحكوومییە، لە میانی چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، ئەوانەی درۆن ئاراستەی كێڵگە نەوتییەكانی كوردستان دەكەن، هەردوو میلیـ*ـشیای (سەید ئەلشوهەدا و ئەنساڕوڵای ئەوفیا)ن.
دوایی تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو درۆنبارانكردنە، دوێنێ چوارشەممە چوارشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، چەند گرووپێكی عێراقی خستە نێو لیستی تیرۆرەوە كە ئەو دوو میلیشیایەشیان لەگەڵدا بوو كە كێڵگە نەوتیەكانی كوردستانیان درۆنباران كردبوو.
ئەمە لە كاتێكدایە كە كۆی ئەو گرووپانەی حەشــدی شەعبی كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان، بریتین لە حەوت گرووپ كە ئەوانیش (كەتیبەكانی سەید ئەلشــوهەدا، كەتیبەكانی ئیــمام عەلی، بزووتنەوەی ئەنســاڕوڵای ئەوفیا، بزووتنەوەی نوجەبا، عەسایب ئەهــلی هەق، كەتیبەكانی حزبــوڵا و میلیــشیای بابــلیون)ن.

































































