زاری كرمانجی-سۆران:
رۆژی پێنجشەممە، ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران مقدەمی پۆلیس كاروان میراودەلی، ڕاهێنەران و ئەفسەران، بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خولی ڕزگاركردن لە ئاو كە بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕێكخرابوو.
هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سوپاسی هاوكارییەكانی وڵاتی فەڕەنسای كرد بۆ هەرێمی كورستان لە گشت بوارەكاندا، دواتر دەستخۆشی لە تیمەكان و بەتایبەتی ڕاهێنەران كرد و ئامادەیی و پاڵپشتی خۆی بۆ چاڵاكییە بەردەوامەكانی تیمەكانی بەرگری شارستانی دووپاتكردەوە.
ئامانجی سەرەكی ئەم خولە راهێنانی تەواوی كۆمەڵێك لە كارمەندانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بوو بە مەبەستی بەرزكردنەوەی تواناكانیان لەكاتی مەلەوانی لەنێو ئاوی تیژڕەو، لێل و ئاوی وەستاو.
ئەم خولە، لەلایەن راهێنەرانی فەرەنسیەوە ئەنجام درا، بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسی مۆركراوە.
































































