زاری كرمانجی-سۆران:
پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامە و تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم هێزەکان بکشێنەوە و ئەرکیان بۆ راوێژکاری سەربازی بگۆڕدرێت.
ماوەی دوو هەفتەیە پرۆسەی کشانەوەکە دەستیپێکردووە و چەندین بنکەی سەربازی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی ڤیکتۆریا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا. بڕیارە تا کۆتایی مانگی ئەم مانگە، سەرجەم سەربازەکانی ئەمریکا کە دوو هەزار و 500 سەربازە، عێراق و بەجێبهێڵن.
تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند: “هەموو بۆشاییە ئەمنییەکانمان لە رێگەی دانانی تاوەری سەربازی، کامێرای چاودێری و پڕچەککردنی هێزەکانمانەوە پڕکردووەتەوە. هەروەها فەوجی تایبەت بە بیابانەکانمان لە ئەنبار، نەینەوا و جەزیرە دامەزراندووە.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بە فەرمی هۆشداری داوە لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و قاعیدە لە عێراق. سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی تەواوەتی هێزەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.


































































