ئیسماعیل بەقایی گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گووتی: هەرکاتێک دەسەڵاتدارانی سوریا دان بەوەدا بنێن کە دۆستایەتی لەگەڵ ئێران لە بەرژەوەندی گەلەکەیاندایە، ئێران ئامادە دەبێت بۆ بنیادنانەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکان.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند کە “پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەمیشەیی نییە” و جەختی لەوە کردەوە کە “ئیسرائیل بەنیازی ئەوە بووە سوریا بکاتە مەیدانی شەڕ لەگەڵ ئێران و دابەشکردنی وڵاتەکەی”.
بە بڕوای گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێڕان “پچڕانی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی ئیسلامی کە مێژوویەکی دوورودرێژی دۆستایەتیان هەیە بە دڵنیاییەوە ناتوانێت هەمیشەیی بێت”.
هەروەها گووتی: ئێران خۆی بە دۆستی گەلی سوریا دەزانێت و وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، پەلە ناکات لە بنیادنانەوەی پەیوەندییەکان.
“هەرکاتێک دەسەڵاتدارانی سوریا دان بەوەدا بنێن کە دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ ئێران لە بەرژەوەندی گەلەکەیاندایە، ئێران بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان”.
کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا هەبوو، بەڵام دوای ڕووخانی حکومەتەکەی، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات پچڕا.






























































