ا
م. دیدار عەبدولستار مەجید
بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی لاڤە لە سۆران
باخچەی ساوایان بە گرنگترین دامەزراوەی پەروەردەیی دادەنرێت بۆ پێگەیاندنی منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست بۆ قۆناغەکانی داهاتوو. هۆکارێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ستڕێس و ترسی منداڵ لە پڕۆسەی پەروەردەدا، ئەمەش کەشێکی پەروەردەیی دەبێت بۆ ئەوەی منداڵ توانا هزری و جەستەییەکانی بدۆزێتەوە.
گرنگی باخچەی ساوایان:
١- هاتنە دەرەوەی منداڵ لە چوارچێوەی خێزانەوە، دوور لە دایک و باوک، و پشتبەستن بە تواناکانی خۆی.
٢- فێرکردنی منداڵ بە باشترین ڕێگە مۆدێڕنەکان وەک شێوازی میتۆدەکانی فێرکردن.
٣- فێربوونی منداڵ بۆ پشتبەستن بە خۆی لە جێبەجێکردنی ئەرک و کاری ڕۆژانەیدا.
٤- بەرەوپێشبردنی متمانە بە خۆبوون لە هەر بارودۆخێکدا.
٥- هاندانی منداڵ بۆ بەکارهێنانی هەڵسوکەوتە پۆزەتیڤەکان بۆ ئەنجامدان و فێرکردنی کاری کۆمەڵایەتی.
٦- ڕاهێنانی منداڵ بۆ کار و چاڵاکی کۆمەڵایەتی و گیانی یارمەتیدان لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگا.
٧- کەمکردنەوەی هەندێک لە گرفت و خویەکانی منداڵان وەک (شەرمزاری، گۆشەگیری، شەڕانگێزی، ترس و دڵەڕاوکێ، زۆر بەکارهێنانی مۆبایل). ئەمەش بە بەکارهێنانی پڕۆگرامێکی پەروەردەیی تایبەت پاڵپشت بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە و کادیری پەروەردەی پسپۆڕ و بەئەزموون لەم بوارەدا.
منداڵان چی فێردەبن لە قۆناغی باخچەی ساوایان؟
١- باشتربوونی زمان و بەکارهێنانی منداڵ لە گفتوگۆدا.
٢- گرتنی پێنووس و نووسین لەسەر کاغەز و خەتی خاڵدار.
٣- فێربوونی ڕەنگەکان و ڕەنگکردن بە پێنووسی ڕەنگاو.
٤- فێربوونی پیتی کوردی و ئینگلیزی و چۆنیەتی نووسینی ناوی خۆی و خێزان.
٥- بەهرەدارکردن و ڕاهێنانیان لە وێنەکێشان و گرتنی مەقەست و کاری دەستی.
٦- فێربوونی شێوە ئەندازەییەکان وەک (بازنە، چوارگۆشە، سێگۆشە، لاکێشە) و جیاوازیکردن لەنێوانیاندا.
٧- نیشتمانپەروەری: ئاشناکردنیان بە ئاڵا و سرووی نەتەوەیی و پەرەپێدانی هەستی نیشتمانپەروەری و ژینگەدۆستی.
٨- ئاشناکردنی منداڵ بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان وەک (میواندارەتی، بازاڕکردن، ئاین، خێزان… هتد).
لە کۆتاییدا هەموومان دەبێت لەوە تێبگەین کە قۆناغی باخچەی ساوایان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. وەک کاغەزێکی سپییە، بۆیە ئێمەی دایک و باوک و کادرانی بواری پەروەردە لە دروستکردنی تاکێکی تەندروست بۆ قۆناغەکانی داهاتوودا، دەبێت قۆناغی باخچەی ساوایان فەرامۆش نەکەین و بە گرنگی زۆرەوە چاوی لێبکەین.
































































