مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە بە هۆی تەقینەوەی باڵەخانەیەك لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، 5 كەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیش بریندار بوون .
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـى ئەیلوولی 2025، لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خووزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، تەقینەوەیەك لە باڵەخانەیەك ڕوویدا و بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەكەش ڕاگەیاند “تەقینەوەكە بە هۆی لێچوونی گازەوە بووە،”
بابەك ڕەبیعی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەهواز دەشڵێت “بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەكی بەهێز لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونی چوار نهۆمی لە گەڕەكی پەردیسی شاری ئەهواز ڕوویدا و بەو هۆیەوە باڵەخانەكە بە تەواوی خاپوور كردووە،”
ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە ڕووداوەكە پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە كە چواریان پیاو و ئەوی دیكەیان ژنە، دوو كەسی دیكەش برینداربوون.
بە پێی سەرچاوە ناوخۆیییەكان، لە ئێستادا هێزێكی زۆری ئەمنی لە شەقامە سەرەكییەكانی ناوچەكە بڵاویان پێكراوە


































































