گڵکۆی (ماملێ) ی گەورە هونەرمەندی کورد شێوێنراوە و خانەوادەکەشی پەیامێک ڕادەگەیەنن
زاری کرمانجی – ڕۆژهەڵاتی کوردستان :
شێواندنی گڵکۆ و پەیکەری کەسایەتی و هونەرمەندانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خەریکە دەبێتە دیاردە و لە ماوەی ڕابردوو چەندین پەیکەر و گڵکۆی کەسایەتییەکانی کورد کەوتوونەتە بەر شاڵاوی شێواندن.
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا گڵکۆی هونەرمەندی گەورەی کورد (محەممەدی ماملێ) لە گردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد شێوێنرا و خانەوادەکەشی لە ڕێگەی پەیامێکەوە ناڕەزایی خۆیان بۆ ڕای گشتی و بەرپرسانی ناوچەکە نیشاندا.
دەقی پەیامەکە:
کەسانێکی نەفس نزم و بەتاڵ لە بەها مرۆڤایەتییەکان هەن کە ڕەحم بە مردووی گۆڕستانەکانیش ناکەن. لە بیرمانە کە چەندین جار گڵکۆی نەمران سولەیمانی موعینی، مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بە گوللە شکێنران یان بە ڕەنگ دەیان شێواندن یان دەیانشکاندن.
ئەو کەسانەی کە هانا دەبەنە بەر ئەو کارانە، بە ئاشکرا دژایەتی فەرهەنگ و بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد دەکەن و پەنا دەبەن بۆ ئەم کارە ناحەزە. ئەوانە تەنانەت مردووی قەبرستانەکانیش ئازاریان دەدات ئەگەر مێژووەکەیان بە دڵی ئەوان نەبێت.
دڵنیایان دەکەینەوە کە بەو کارە سووکانە نە مێژوو، نە کەسایەتی محەممەدی ماملێ خەوشەدار دەبێ و نە فەرهەنگ و هونەری کوردی نسکۆی بەسەردا دێت، بەڵکوو پەیوەندی نێوان هونەر و هونەرمەندی دەروەست لەگەڵ میللەتی کورد پتەوتر دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕوو ڕەشی یە بۆ بکەران و بۆ ئامیرانی ئەو کارە ترسنۆکانەیە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایان بەرپرسان و هەیئەتی ئومەنای ئەو شارە بڵاو نەکراوەتەوە.
ئێمە داوا لە بەرپرسانی شارەوانی مەهاباد و هەیئەتی ئومەنای ئەو گۆڕانە دەکەین کە بەدواداچوونێکی شەفاف بۆ ئەو کێشەیە بکەن و هەوڵ بدەن ئەو تاوانبارانە بناسێندرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن و بە شێوەیەکی باشتر لەو گۆڕانە بە خاوەن دەرکەون و نەهێڵن شتی وا دووپات ببێتەوە.
بنەماڵەی محەممەدی ماملێ