بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ماوەی گرێبەستەکە تەنیا 60 رۆژە و دوای ئەو ماوەیە، رۆژانە 10 هەزار دینار سزای دواکەوتن دەخرێتە سەر خاوەنەکەی.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە و تێیدا چەند رێنماییەکی نوێی خستەڕوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گرێبەستی ئەلیکترۆنی کە لەنێوان کڕیار و فرۆشیاردا واژۆ دەکرێت، تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ کاری پێ دەکرێت. دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، بۆ هەر رۆژێکی دواکەوتن، بڕی 10 هەزار دینار سزا دەخرێتە سەر خاوەنەکەی.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەگەر کڕیار و فرۆشیار بیانەوێت گرێبەستەکە هەڵبوەشێننەوە، پێویستە پێش تەواوبوونی 60 رۆژەکە سەردانی بەشی یاساییی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ بکەن. هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە لە بەرامبەر بڕی 20 هەزار دیناردا دەبێت.
هاتوچۆی گشتیی هەرێم جەختی لەوەش کردووەتەوە، “ئەم هەڵوەشاندنەوەیە بۆ ژمارە کاتی و بۆ گۆڕانکاری لەنێوان ناوی کڕیار و فرۆشیاردا دەبێت و ماوەکەی بۆ درێژ نابێتەوە”.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتیان دەکات، ئەگەر دڵنیا نەبوون لە مامەڵەکەیان، گرێبەستی ئەلیکترۆنی نەکەن و ئەگەر کردیان، لە ماوەی 60 رۆژدا مامەڵەکەیان ئەنجام بدەن”.
































































