لە عێراق کێشەیەکی دیکە سەریهەڵداوە ئەویش کۆکردنەوەی زۆرەملێی کارتی دەنگدان و فشارکردن لە پێكهاتەی کریستیانەکانە. چەندین میدیای ناوخۆیی و میدیا جیهانی راپۆرتیان دەربارەی ئەم بارۆدۆخە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا تیشکیان خستووەتە سەر کێشەی کریستیانەکان و هەڕەشە و فشاری میلیشیاکان لەسەریان و داوای دەستوەردانی ئەمریکا دەکەن.
لەو راپۆرتانەدا میدیا نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەیان بەوە کردووە؛ رەیان کلدانی و میلیشیاکەی فشاریان لەسەر پێكهاتە ئایینیەکان دەستپێکردووە کردووە. وەک: کۆکردنەوەی کارتی دەنگدان بە زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و ناوچە کریستیاننشینەکاندا، بەمەبەستی دەنگدان بە بەربژێرەكانی میلیشیای بابلیون.
لە راپۆرتێکدا گۆڤاری (Providence پرۆڤیدێنس)ی ئەمریكی بڵاوی کردووەتەوە:”ئێران هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر سەروەری عێراق و مانەوەی كریستیانەكان و پێكهاتە ئایینییەکانی دیکەی ناوچەکە دروست كردووە. میلیشیای بابلیون و باڵە سیاسییەکەی کە لەلایەن تاران و بەرەی مقاوەمەوە دامەزراون و پاڵپشتی دەکرێن، بۆ بەرجەستەکردنی هەراسانکردنی پێكهاتە ئایینیەکانی عێراق و پێشخستنی ئەجێندای شێرپەنجەیی خۆیان.”
جەختیشی كردووەتەوە: “رەیان کلدانی، سەرەڕای بەردەوامی پێلشیلکاری مافی مرۆڤ و خراپ بەکارهێنان و ساختەکاری ئاشکرای هەڵبژاردن، هەرگیز لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکراوە. تەنانەت دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان لە بڵاوکردنەوەی بابەتی نەرێنی سەبارەت بە کلدانی بەدوور دەگرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ترسەی لەناو ئەو خەڵكەدا چاندوویەتی.”
شیاوی باسە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاركی كڵێسای كلدانی كاسۆلیك لە عێراق، هێرشی توندی كردە سەر رەیان كلدانی و ئیڤان فایەقی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و ڕایگەیاند: ”رەیان كلدانی موڵك و ماڵی كریستیانەكانی لە بەغدا و نەینەوا و دەشتی نەینەوا دزیوە و هەوڵی كڕینی پیاوانی ئایینی كریستیانیش دەدات بە یارمەتی ژنێك (مەبەستی ئیڤان فایەق)ـەكە لە پۆستی وەزیر دایناوە.“
هەروەها ئاماژەی بەوە دا: “كلدانی شایستەی ئەوە نییە سەركردایەتی كریستیانەكان بكات و دەیەوێ هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی كریستیانەكانی عێراقدا بسەپێنێت، هەروەك لە هەڵبژاردنیشدا كۆتای كریستیانەكانی بۆ خۆی بردووە.“

































































