
ریڤان جانی کوربیل
وتارێکی کورت لەسەر بابەتێکی وا گرنگ و کەم سەرچاوە، پێویستی وزە و وردیەکی زۆر هەیە، چونکە سەختە بەم شێوە چڕە، بە مێژوودا تێپەڕین و پەیوەندی نێوان ئەم دوو زمانە لە ڕووی مێژوو، ئەدەب، ئیتیک، تەکنیک و ئەلفەبێت بخەینەڕوو و دەرئەنجام بدەین بەدەست، بەڵام دواجار ئەمەش هەوڵ و سەرەتایەکە بۆ بابەتێکی بە هەڵە بڵاوبۆوەی نێو کۆمەڵگه.
سریانی و عەرەبی دوو زمانن بۆ ناولێنانی سامییەکان (بۆ ڕاستکردنەوەی زاراوەی سامییەکان، کە دەگووترێت ئەم ناولێنانە شلوتسەر لە ساڵی 1781ز، دواتر ولفنسۆنی یەهودی یەکەمین دوو کەس بوونە، کە بەکاریانهێناوە، سەرنجی لەسەرە، چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 708میلادی و کەمێک پێشووتر، ئەوا دەبینین زانای سریانی “یەعقوبی رەهاوی” ئاماژەیەک بەمەوە دەکات. دواتر “ئیبن عیبری”ش، کە ئەمیش زانایەکی سریانی بووە، باس لەم بابەتە دەکات، بەڵام ئەمە ئارگیۆمێنتی وتارەکەمان نیە، بۆیە وازی لێدەهێنین بەم سەرە قەڵەمە).
وەکو پێشووتر گووتمان، کاتێک سەرنج دەخەینەسەر زمانی سریانی و عەرەبی، کەم تا زۆر بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە هاوبەشی و قەرز لەنێوانیاندا هەیە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دراوسێتیە لە مێژینەی جوگرافیا و مێژوو. بۆ تێگەیشتن لەم وردەکاریەش، دەتوانین بە خێرا بەمێژوودا بچینەوە، ئەوکات بیرۆکەی ئەم تێکەڵیەمان بۆ ڕووندەبێت.. بەڵام کاتێک بۆ مەبەستێکی زانستی، یاخود ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکی ورد بۆ لایەنێکی تایبەت وەکو (ئەلفەبێت) وردبینەوە، ئەوا زۆر بە ئاشکرا لەناو سەرچاوەکان دەستمان دەکەوێت، کە ئەلفەبێتی زمانی عەرەبی لەسەر بنەمای ئەلفەبێتی زمانی سریانی بونیادنراون، واتا لەسەرەتادا، زمانی عەرەبی هیچ ئەلفەبێتێکی تایبەت بەخۆیەوە نەبوو، ئەگەریش هەیبووە، ئەم ئەلفەبێتەی ئێستای بەکارهاتوو نەبووە.
زمانی عەرەبی.. لەسەر بنەمای ئەلفەبێتی زمانی سریانی، ئەلفەبێتەکەی زمانی خۆی بە خواستن لە زمانی سریانی بونیادناوە، ئەمەش بە ڕوونی لە سەرچاوەکان هاتووە، وەک لە کتێبەکەی (فتوح البلدان)ی (البلاذري) و بابەتی (الخط-خەت)، کاتێک، کە دەنووسێت و دەڵێت: “حدثني عباس بن هشام بن محمد بن الكلبي، عن ابيه، عن جده و عن الشرقي بن القطامى، قال: اجمع ثلاثة نفر من طيىء ببقة، وهم مرامر بن مرة و اسلم بن سدرة و عامر بن جدرة فوضعوا الخط، وقاسوا هجاء العربية على هجاء السريانية”. یاخود کاتێک ولفنسۆن دەڵێت: “وكفى الخط السرياني فخرا انة أثر تأثيرا شديدا على جميع الخطوط العربية…”.
ئەگەر باس لە بەڵگەی زیاتریش بکەین، ئەوا هەر پیتێک لە زمانی سریانی هەڵگری واتای خۆیەتی، بۆ نموونە یەکەم پیت (ا-ئەلەپ)، بە زمانی سریانی بە مانای (فێردەبێت) دەهێت، بەڵام لە زمانی عەربی (ا) هیچ واتا و مانایەکی نیە….
دوای ئەمەش، ئەگەر سەرنج بدەینە سەر بەڵگەیەکی تری پڕاکتیزی، ئەمیش بنەمای ڕیزکردنی ئەلفەبێتی زمانی عەرەبییە (ابجد هوز خطي كلمن صعپص قرشت)، ئەمانە بنەمای ڕیزکردنی ئەلفەبێتی زمانی عەربی نین، چونکە ئەگەر ئەلفەبێتی زمانی عەرەبی ڕیزبکەین، ئەوا دەبێتە (ا ب ت ث ج ح خ د ذ ر… واتا دەبێتە ابتث جحخد…)، بۆیە ڕیزکردنی ئەلفەبێتی زمانی عەرەبی قەرزکراوی زمانی سریانییە و هیچ پەیوەندیەک بە دروستکردنی (ابجد هوز خطي كلمن صعپص قرشت) نیە، هەربۆیە ئەمە بنەمای ڕیزکردنی ئەلفەبێتی زمانی عەربی نین، بەڵکو بنەمای ڕیزکردنی ئەلفەبێتی زمانی سریانین بەم شێوەیە: (ا ب ج د هـ و ز خ ط ي ك ل م ن ص ع پ ص ق ر ش ت)، کە (22) پیتن. دواجار ئەم پرۆسەی ڕێزبەندی ئەلفوبێتی زمانی عەرەبی لە سەر بنەمای ڕیزکردنی ئەلفەبێتی زمانی سریانیە، کە دواتر زمانی عەرەبی بۆ خۆی خواستوون و بەکاریهێناون. ئەم بەڵگانە و بەڵگەی زیاتر هەن، کە زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە وەرگرتن و قەرزکردنی ئەلفەبێتی زمانی عەرەبی لە زمانی سریانی دەکەن.
لەسەر ئەوەی باسکرا، دەکرێت بڵێین ئەم خواستنە ئەلفەبێتیەی زمانی سریانی، زۆر کێشە نیە بۆ زمانی سریانی و نەش بۆ زمانی عەرەبی، چونکە یاسای زمان وایە، بەڵام کێشەکە لێرەیە، کە بە هەڵە لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆەتەوە و باڵادەستی زمانی عەرەبی بەسەر زمانی سریانی هەیە، واتا داهێنانێکی زمانی سریانی لە خزمەت زمانی عەرەبی بەکاردەهێندرێت و زمانی سریانی لەم داهێنانەی، کە خۆی کردووە، بێبەشدەکرێت.
لە کۆتایی وتارەکەماندا.. ویستی دەرخستنی ڕاستی زانستی و ئەکادیمی بنەمای ئەلفەبێتی زمانی عەرەبی بووین، کە لە زمانی سریانی قەرزکراون. وتارەکەشمان لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی، کە پێشکەشکران، بونیادنا، بۆیە دواجار لەسەر بنەمای بەڵگە پێشکەشکراوەکان، دەکرێت بڵێین پەیوەندی ئەلفەبێتی نێوان زمانی سریانی و زمانی عەرەبی، پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای خواستن و قەرزکردن درووستبووە، واتا باڵادەستی ئەلفەبێتی زمانی سریانی بەسەر ئەلفەبێتی زمانی عەرەبی هەیە، نەک بە پێچەوانەکەی، کە لەناو کۆمەڵگا بە هەڵە بڵاوبۆتەوە.
































































